نووسینگەی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان خرانە حاڵەتى ئامادەباشییەوە.
نووسینگەی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆى ئەمرۆ دووشەممە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى عەلى ڕەشید سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەبارەت بە ڕووبەرووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانى لافاو، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا.
ڕاشیگەیاند: لەکۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنەکانى ڕاسپارد وەک ئامادەباشى بۆ قۆناغى دووەمى کاریگەریى ئەو شەپۆلەى ڕووى لە ناوچەکەمان کردووە و وا پێشبینى دەکرێت له كاتهكانى ئێوارەى ئەمڕۆ دووشهممه بارانبارین دەست پێ بکاتەوە و لە کاتەکانى شەودا بارانبارین زیاتر بێت و هەندێك جار لێزمە باران ببارێت تاوەکو ڕۆژى پێنجشهممه. جەخت لەوە کرایەوە کە هەرچى زووە و پەلەبکەن لە گرتنەبەرى هەموو ڕێوشوێنێکى پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەى مەترسیەکانى لافاو، لەدواى کۆبوونەوەش لە هەموو ئەو شوینانەى کە مەترسى دروستبوونى لافاویان لەسەرە تیمەکان و ئامێرى پێویست دابینکرا و تەواوى هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارسانى) و (قائیمقامیەتەکان و ناحییە و تەندروستى و شارەوانیەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) و تەواوى فەرمانگەکان بکەونە حاڵەتى ئامادەباشى تەواو بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکى نەخوازاروو و پاراستنى سەرو ماڵ و گیانى هاووڵاتییان و دەوامى شەوانە بڕیارى لێبدرێت.
هەروەها لە ڕاگەیانراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە "لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانى چەند ڕۆژەى ڕابردووى تیمەکان کرا لە بە هانەوەچوون و یارمەتیدان و پاککردنەوەى ئەو شوێنانەى بەهۆى لافاوەکەى ڕۆژى هەینى ڕابردوو دووچارى زەرە و زیان هاتن، پارێزگاری ههولێر دەستخۆشى لە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هەموو ئەو کەس و لایەنانەى کرد هەر لە سەرەتایی ڕووداوەکەدا دەستى هاوکارى و یارمەتیان بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان درێژ کرد و بهشداربوون له بههاناوهچوونی خهڵكی لێقهوماو و ههرچی پێویست بوو بۆ هاوكاریكردنیان درێغییان نهكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.