ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داوا دەکەن کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدرێت بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین و داواکردنی هاوکاری زیاتری حکوومەتی عێراق بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر.
لە نووسراوێکدا کە بۆ (کوردستان تیڤی) نێردراوە، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر داواکارییەکیان ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان کردووە تێیدا هاتووە "داوا لە بەڕێزتان دەکەین کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام بدرێت بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین و داواکردنی هاوکاریکردنی زیاتری حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت کە دوای ئەو کارەساتە سروشتییەی لە ڕێککەوتی 17/12/2021 بووە هۆی لافاو لە هەولێری پایتەخت و شارەکەماندا ڕوویدا کە بەداخەوە جگە لە زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی زیانی گیانیشی لێکەوتەوە."
ئەوەش هاتووە "وێڕای سەرەخۆشیمان لە خۆمان و کەسوکاری قوربانییان، ئەمە جگە لە زیانی هاووڵاتییان زیانێکی زۆر بە کەرتی گشتی کەوتووە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەو لێژنەیەی پارێزگای هەولێر زیاتر لە 20 ملیار دینار زیان بە شارەکەمان کەوتووە، سەرەڕای ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چرکەساتی یەکەمەوە خۆی هاتۆتە سەر خەت و حکوومەتی خۆجێی ڕاسپاردووە و بەشێکی زۆری ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و خەڵکی پارێزگای دهۆک و سلێمانی و هەڵەبجەی شەهید و شارەکانی تر و خەڵکی شاری هەولێر هاتوونەتە سەر خەت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی لێقەوماوان."
ئاماژە بەوەش دەکەن کە " وا دیارە دوێنێ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بڕیارێکدا 2 ملیار دیناری تەخان کردووە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر، خەڵکی شاری هەولێر چاوەڕوانی دەکرد حکوومەتی عێراق زۆر زیاتر هاوکاربووایە، بەڵام بەداخەوە بڕە پارەیەکی زۆر زۆر کەمی بۆ ئەم کارەساتە گەورەیەی شاری هەولێر دیاریکردووە."
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە نووسراوەکەدا داوا دەکەن "ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە ڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی عێراق بکەن بە مەبەستی ئەوەی زیاتر هاوکاری شاری هەولێر بکرێت، چونکە مانگانە بڕە پارەیەک بەناوی خەرجی سیادە لە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.