وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، بەمشەوە تیمەكانی شارەوانی پردە نوێكەی كەندی گردجوتیار كۆنكرێت دەكەن.
وەزارەتی شارەوانی ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردهوە و تێیدا هاتووە "دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دوو و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی لافاو، پێشنیازی نۆژەنكردنەوە و گەورەكردنی پردی كەندی گردجوتیاران كرد، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش پێشنیازەكەی پەسەندكردن و دەمودەست بڕیاری دروستكردنی پردێكی گەورەتر لە شوێنی پردە كۆنەكەی گردجوتیار كەوتە بواری جێبەجێكردن و ئەمشەویش كاری كۆنكرێتكردنی پردە نوێكە دەستی پێ كرد."
ئەوەشی خستەڕوو "پردە كۆنەكە زۆر بچووک بوو، دوو كونی ڕێڕەوی ئاوی هەبوون كە توانای وەرگرتنی ڕێژەیەكی زۆری ئاوی بارانیان نەبوو، بۆیە هەندێ جار گرفتی كۆبوونەوەی ئاو لە شوێنەكە دروست دەبوو، بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتەش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ كەندی گردجوتیار لەسەر پێشنیازی تیمەكانی شارەوانیی دوو و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕیاری دروستكردنی پردێكی نوێی لە شوێنی پردە كۆنەكە دا و ئەمشەویش كاركردن تێیدا گەیشتە قۆناغی كۆنكرێتكردن."
وەزارەتی شارەوانی لە ڕاگەیانراوەکەشدا ئاماژە بەوەش دەکات "بەمزووانە هاووڵاتییان و شۆفێران دەتوانن بەكاری بهێنن و لێی سوودمەند دەبن".
جەختیشی كردهوه کە ئەو پردە بۆ سنوورەكە زۆر گرینگە، چونكە گردجوتیار بە سنوورێكی فراوان دەبەستێتەوە و هاتووچۆی زۆری لەسەرە، بە تەواوبوونی هەم كێشەی كۆبوونەوەی ئاو نامێنێت، هەم دەبێتە هۆی ئاسانكاری زیاتر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.