سەدان تۆن هاوکاریی و بڕی 600 ملیۆن دینار لە دهۆکەوە بۆ لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر گەیشت و پارێزگارى دهۆکیش دهڵێت: هەولێر هى هەموو خەڵکى کوردستانە و جێگاى ئارامییە، بۆیە کاتێک تووشی ئەو کارەساتە هات ئێمە کەمپینى ''هەولێر بەتەنها نییە''مان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەى کە لە ماوەى رابردوودا خەڵکى هەولێر هاوکار و پشتیوانى هەموو کوردستان بوون .
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021.12.23، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەئامادەبوونى د.عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، پێشوازی لە د. عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک و شاندێکى یاوەرى کرد.
لەدیدارەکەدا، پارێزگارى دهۆک ئاماژەى بەوەدا لە دواى تەواوبوونى کەمپینى ''هەولێر بە تەنها نییە''ى پارێزگاى دهۆک، ئەمڕۆ هاتووین تەواوى ئەو هاوکاریی و کۆمەکانەى پارێزگاکەمان بگەێنین بە لێقەوماوانى لافاوەکەى هەولێر.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر، وێڕاى بەگەرمى بەخێرهێنانى پارێزگارى دهۆک و شاندى یاوەرى سوپاسى ئەو هەڵوێستەى پارێزگاى دهۆکى کرد و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەڵوێستەى دهۆک بۆ ئێمە تازە نییە و یەکەم هەڵوێست و دوا هەڵوێستیش نابێت، هاوکارییەکانتان بۆ لێقەوماوان گرنگیی خۆی هەیە و پەیامێکى گەورەى نیشتمانى و مرۆییە و مایەى شانازییە.
پاشان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى هاوبەشدا وێڕاى ڕادەستکردنى کۆمەک و هاوکاریەکانى پارێزگاى دهۆک لەلایەن پارێزگارى دهۆک بە پارێزگارى هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر ڕایگەیاند: "دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لە17ى ئەم مانگەی بەسەر هەولێر هات، هەر لەیەکەم ساتەوە پارێزگاى دهۆک کەمپینێکى راگەیەند بە ناونیشانى ''هەولێر بەتەنها نییە'' و ئەو هاوکارییەى ئەوان بۆ هەولێر و لێقەومان پشتیوانییەیەکى گەورە بۆمان". وتیشی: "هاوکارییەکانى هەموو لایەنە جیاوازەکان بۆ لێقەوماوان گرنگیی خۆی هەیە هەموو ئەو کۆمەک و یارمەتیانەش بۆ هەولێر پەیامێکى گەورەى نیشتمانى و مرۆییە و مایەى شانازییە".
پارێزگارى هەولێر سوپاسى پارێزگار و پارێزگاى دهۆکى کرد کە هەر لەگەڵ روودانى کارەساتەکەى هەولێر هەموو پڕۆژەکان لە پارێزگاى دهۆک وەستێنران و تەواوى ئامێر و کەرەستەکان گەیاندرایە هەولێر کە ئێستا شەو و ڕۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەى شوێنەوارى زیانەکان لاببەن.
لەلایەن خۆیەوە د.عەلى تەتەر، پارێزگارى دهۆک، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هەولێر هى هەموو خەڵکى کوردستانە و جێگاى ئارامییە، بۆیە کاتێک تووشی ئەو کارەساتە هات ئێمە کەمپینى ''هەولێر بەتەنها نییە''مان راگەیاند، ئەوەش بەهۆی ئەوەى کە لە ماوەى رابردوودا خەڵکى هەولێر هاوکار و پشتیوانى هەموو کوردستان بووە، بەتایبەتى بۆ ناوچەى بادینان هەر لە سەردەمى رژێمى سەددامەوە و دواتریش لە کارەسات و رووداوەکاندا خەڵک و سەرمایەدارانى هەولێر هاوکارییان کردووین.
گوتیشی: ئەم کارەى ئێمە وەڵامدانەوەى چاکەى هەولێرە بەرامبەر خەڵکى کوردستان، بۆیە ئێستا ئێمەش لەو هەنگاوەدا هەرچییەکمان کردووە، ئەرک بووە، هەر لە رۆژى یەکەم 218 ئامێری شۆڤل و حەفارە و ئامێری گران گەیشتوونەتە هەولێر بۆ کارکردن. ئەمڕۆش پێنج بارهەڵگرى گەوە لە کەرەستەى پێویست گەیشتوونەتە لێقەوماوان و بڕی 600 ملیۆن دیناریش لە هاوکارییە ماددییەکانى سەرمایەداران و خەڵکى پارێزگاى دهۆک دەخرێتە سەر ژمارەى بانکیى بەهاناوەچوونى لێقەوماوانى لافاوەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.