دیوانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە هەولێر بۆ سەرى ساڵى تازە و كریسمس و پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆرى گەشتیاران، پلانێکى ئەمنى دانرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا بۆ ڕێورەسمى كریسمس و سەری ساڵی تازەوە کە ژمارەیەکى زۆر گەشتیار ڕوویان لە هەولێری پایتەخت کردووە، بە مەبەستى پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا تەواوى هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی) لە سەرجەم شوێنە گشتیی و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییان ڕووى تێ دەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەش کرا، پلانەکەش تا 2/1/2022 درێژە دەكێشێت.
لە ڕاگەیانراوەکەی پارێزگای هەولێردا دڵنایی دەدرێتە هاووڵاتییانی شارەکە بە هەموو توانایەکەوە بە پشتبەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ، سەروماڵیان پارێزراوە و داواش لە هاووڵاتییان دەکەن هاوکارییان بن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.