ھاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە رایگەیاند کە لە میانی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانییدا، ژمارەیەک ئامانجی سەربازیی لە سەنعا پایتەختی یەمەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دایە، کردووەتە ئامانج.
ھاوپەیمانیی عەرەبی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانیی بۆسەر ژمارەیەک ئامانجی سەربازیی لە سەنعا ئەنجامداوە و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە میانی ھێرشەکاندا، ژمارەیەک کۆگای چەک و تەقەمەنیی لە سەنعا خاپوورکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە خەڵکی مەدەنیی کراوە، نزیک نەبنەوە لە ئامانجە سەربازییەکان لە ناوەڕاستی سەنعا.
ھاوکات میدیای سەربە حووسییەکان بڵاوی کردەوە کە ھاوپەیمانیی عەرەبی، سێ ھێرشی بۆسەر ناوچەی عەسر سەربە بەڕێوەبەرایەتی سەبعین لە پارێزگای سەنعا پایتەخت ئەنجامداوە.
کەناڵی مەسیرە سەربە حووسییەکان بڵاوی کردەوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە، ژمارەیەک خانوو زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا ژمارەیەک خێزانیش ئاوارەبوون.
لە یەمەن کە ماوەیەکی زۆرە ناسەقامگیری سیاسیی دەگوزەرێت، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.