دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند، پاکێجی کەلوپەلی ناوماڵ بۆ 3000 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاوەکەی هەولێر لەلایەن دەزگاکەیانەوە بە هاوکاری گرووپ و کۆمپانیا و لایەنە حکوومییەکان دابین کراوە و بەسەریاندا دابەش کرا.
ئەحمەد مووسا سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناحییەی قوشتەپە ڕایگەیاند: تیمەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بە چەند قۆناغێک دەستیان کردووە بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان کە سەرەتا لە پاککردنەوەی ماڵەکان و تۆمارکردنی زەرەر و زیانەکان بە یارمەتی تیمەکانی پارێزگای هەولێر، دانانی تیمی تەندروستی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەولێر لە ناو ئەو شوێنانەی تووشی زەرەر و زیان بوونە، هەروەها دابینکردنی خۆراک دەستی پێ کردووە.
ڕاشیگهیاند: لە قۆناغێکی دیکەشدا هەڵساین بە دابینکردنی کەلوپەلی ناوماڵ بۆ ئەو خێزانانە.
ههروهها ڕایگەیاند: بە هەماهەنگی گرووپ و کۆمپانیا و ڕێکخراو و لایەنەکانی حکوومی توانرا پاکێجی کەلوپەلی ناوماڵ بۆ 3000 خێزانی زیانلێکەوتووی لافاو دابین بکرێت.
دەزگاکە پاکێجی کەلوپەلەکان دەخاتەڕوو کە پێکهاتوون لەمانە:- (5 دۆشەک، 5 بالیف، 7 بەتانی، 52 مەتر فەرش، 1سۆپا، 2 پارسێلی خۆراك و 1 بوتڵی غاز) بۆ هەر خێزانێک دابینکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە پارێزگاری هەولێر لە ماوەی پێشوودا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو هاوکارییانەی لەلایەن ئەم گرووپانەوە دابەش دەکرێن تەنیا پێداویستی سەرەتایین و بریتی نین لە قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.