رەسول رازی، ئەندام لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رایگەیاند کە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی سەردانی کورد و سوننە دەکەن ئەوەیش بە ئامانجی بەدەستھێنانی زانیاری لەبارەی کاندیدانی دوو لایەنەکە بۆ پۆستەکانی سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
رەسول رازی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی نیازی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسییان نییە و گوتی: "لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی سەردانی کورد و سوننە دەکەن ئەوەیش بە ئامانجی بەدەستھێنانی زانیاری لەبارەی کاندیدانی دوو لایەنەکە بۆ پۆستەکانی سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران".
گوتیشی: "ھەروەھا ھەر لایەنێکی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو پێشکەش دەکەن و ھەر کەسێک لەنێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی زۆرترین دەنگی بەدەست ھێنا، ئەوا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتوو کاندید دەکرێت".
چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقوق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.
دوێنێ دووشەممە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پەسەند کرد.
ھەریەک لە سەرکردەی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی و سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرکردەی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم و سەرکردەی ھاوپەیمانی نەسر، حەیدەر عەبادی و سەرکردەی ھاوپەیمانی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی ھەڵوێستی خۆیان نیشان دا سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان و رایانگەیاند کە پابەند دەبن بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.