سوپای عێراق دەستگیرکردنی شەش تیرۆریستی لە پارێزگای نەینەوا باکووری ئەو وڵاتە، راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، شەش تیرۆریستیان لە قەزای رەبیعە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردووە و ھاتووە "تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، ئەندامانی خێزانی گەورە تیرۆریستی گۆڕبەگۆڕ، تاڵب رەزوان حەمدون-ن کە ناسراوبوو بە (ئەبو لەیس ئەنساری) کە سەرکردایەتی ھێرشی سەر نەینەوای کردبوو و بەھۆیەوە لە نۆی حوەزەیرانی 2014دا، کەوتە دەست تیرۆریستان".
ھەروەھا هاتووە "یەکێک لە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان پێشتر لە گرتووخانەی بەڕێوەبەرایەتی ھەواڵگریی نەینەوا، ھەڵاتبوو".
باس لەوەشکراوە کە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکراوبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، گیراونەتەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.