Erbil 38°C یەکشەممە 15 شوبات 11:06

وەزارەتی بەرگری عێراق: راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ژمارەیان زۆر کەمبووەتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراقدا ماوەن و ئاسایشیان بۆ دابین دەکەن، دوای ئەوەی ئەرکیان لە رووبەڕووبوونەوە گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاند کە قبوڵ ناکەن دوای 31ی ئەم مانگە، ھیچ ھێزێکی شەڕکەریی بیانیی لەژێر ھیچ ناوێکدا لە عێراقدا بمێنێتەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە ئاماژەی بەوە داوە کە لیژنەی باڵای سەربازیی ئەمنیی عێراق، چوار گەڕی گفتوگۆی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە کە لە میانی ھەر چوار گەڕەکەدا، رێککەوتن کراوە لەسەر کشانەوەی ھێزە شەڕەکان لە عێراق، ھەروەھا گۆڕینی ئەرکی رووبەڕبوونەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ راوێژکاریی، پاڵپشتیکردن و ھاریکارییکردن لە بواری مەشق و پڕچەککردن بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "ھەر لە سازکردنی کۆبوونەوەی یەکەمەوە، ساڵێک لەمەوبەر، ھێزە شەڕەکەرە بیانییەکان دەستیان بە کشانەوە لە عێراق کردووە، نۆ بنکە و بارەگایشیان رادەستی ھێزە عێراقییەکان کردووەتەوە".

گوتیشی: "سەرجەم ھێزە شەڕەکانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە عێراق کشانەتەوە، لەئێستادا تەنھا راوێژکارانی سەربازیی لە عێراقدا ماون".

راشیگەیاند " ژمارەی راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە عێراقدا ماوەن، ئەوەندە کەمە کە ناشێت لە میدیاکاندا بخرێتەڕوو".

گوتەبێژی فەرماندیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی جەختیشی کردەوە کە ھێزە عێراقییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی گیانی راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ھەروەھا دابینکردنی پێداویستییەکانیان و کارکردن لەگەڵیاندا و گوتی: "راوێژکارانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، لەژێر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، فەرمان وەردەگرن".

لە نۆی ئەم مانگە حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، رایانگەیاندبوو کە بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکی ھێزە شەڕەکانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراقدا، ھاتووە.

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.