سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان پهیامێكی پیرۆزبایی ساڵی نوێی زاینی بڵاو كردهوه و تێیدا هیوای ساڵێکی نوێی پڕ ئارامی و کامەرانی بۆ هەموو خهڵكی كوردستان خواست.
له پهیامه پیرۆزباییهكهی سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستان هاتووه "بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زاینی، جوانترین پیرۆزبایی لە کوردستانیان و تەواوی گهلانى عێراق و جیهان دەکەین، هیوای ساڵێکی نوێی پڕ ئارامی و کامەرانی بۆ هەمووان دەخوازین، خوازیارین ساڵی نوێ سەرەتایەکی گەش بێت بۆ باشترکردنی گوزەرانی خەڵک و چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتییان و بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە بۆ بەدیهاتنیان خەڵکی کوردستان قوربانییەکی بێ شووماری بۆ داوە".
ههروهها هاتووه "لێرەوە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بە یەکڕیزی و گیانی لێبووردەیی لەگەڵ یەکتری مامەڵە بکەن، و بە هەموومان زەمینەی دەستەبەرکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی کوردستانیان بڕەخسێنین، هاوکات بە پێویستی دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی فیدراڵی رێککەوتنێکی گشتگیر لەبەر ڕۆشنایی بنەما دەستوورییەکان بۆ چارەسەركردنى تەواوی کێشەکانیان ئەنجام بدەن و چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان بدۆزنەوە".
ڕاشیگهیاند "بەم بۆنەیەوە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، بەیەکەوە وەکو یەک کوتلەی بەهێز بەشداربن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و کار بکەن بۆ چەسپاندنی زیاتری ماف و خواستەکانی خەڵکی کوردستان".
لە کۆتایی پهیهمامهكهدا هاتووه "هیوادارین ساڵی 2022 ببێتە سەرەتای وێستگەیەکی نوێ بۆ زیاتر پێکەوە کارکردن بۆ ئایندەیەکی باشتر و بوژانەوەی زیاتری وڵات و کۆتاییهێنان بە سەرجەم ناخۆشی و نەهامەتییەکان، هاوکات بەهەموو لایەکمان هەوڵ بدەین کوردستان بکەین بە خاوەنی دەستوورێک کە ماف و ئەرکی هەموو لایەک دیاری بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزتربوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.