ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی، بەمەبەستی یادکردنەوەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ئەبو مەھدی موھەندیس و قاسم سولەیمانی لە ناوچەی جادرییە ناوەڕاستی شاری بەغدا، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
لە میانیدا، خۆپیشاندەران، ئیدانەی کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس و فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی-یان کرد و ھەروەھا داوای چوونە دەرەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد.
ھەریەک لە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، فالح فەیاز و سەرکردەی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری و سەرکردەی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی حەشدی شەعبی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا، کردووە.
لە سێی کانوونی دووەمی 2020دا لە ئاکامی ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کوژران.
لە حەوتی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 ، دادوەری راسپێردراوی عێراقی بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی کوژرانی ئەبو موھەندس و قاسم سولەیمانی رایگەیاندبوو کە لەسەر بنەمای ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەرکراوە.
لە دوای کوژرانی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندس و فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەتایبەتیش بنکە سەربازییەکان بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەکەی بێفڕۆکەوانی دەکرێنە ئامانج و واشنتۆن گرووپە چەکدارەکانی شیعە نزیک لە ئێران، بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.