پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە شەوی سەری ساڵی تازەدا هیچ کێشە و گرفتێکی ئەوتۆ ڕووی نەدا و بەوپەڕی ئارامی ئەو یادە بەڕێکرا.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردوە و تێیدا هاتووە " دەستخۆشی لە هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی) دەکەین بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى ئەو شوێنە گشتیی و جێگەیانەی كە هاووڵاتییانی شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بۆ بەسەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویان لێ کردبوو".
لە ڕاگەیانراوەکەدا هەروەها ئەوەش هاتووە " دەستخۆشیمان بۆ تیمەکانى تەندروستیى کە لە ئامادەباشى تەواودابوون بۆ خزمەتکردنى هاووڵاتییان و هەروەها تیمەکانی شارەوانى و فەرمانگەی ژینگەپارێزی کە ئەمڕۆ و بەیانی تەواوی ئەو شوێنە گشتیانەی شار کە بەهۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی ڕابردوو پیس ببوون پاککرانەوە".
نووسینگەی پاریزگاری هەولێر هەروەها سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی هاووڵاتییان دەکات ئەوەشی خستۆتەڕوو " سوپاس بۆ هاووڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان هەولێری پایتەخت کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و لە شەوى سەرى ساڵى نوێ هیچ کێشە و گرفتێکى ئەوتۆ ڕووی نەدا و بەوپەڕى ئارامى ئەو یادە بەرێکرا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.