لە میانی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوی کوژرانی 20 کەسی یەک خێزان لە ناوچەی رەشایید سەربە ناحیەی جیبلە باکووری پارێزگای بابل ناوەڕاستی عێراق، ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی دەستگیرکران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بابل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکەی ناوچەی رەشائید، بەردەوامە کە بەھۆیەوە، 20 کەسی یەک خێزان کوژراون.
بە گوتەی سەرچاوەکە لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا تا ئێستا، ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی دەستگیرکراون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی ھەوڵی ھێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوون لە ماڵێکدا لە ناوچەی رەشایید باکووری پارێزگای بابل، خاوەن ماڵەکە تەقەی لە ھێزە ئەمنییەکان کرد.
دواتر ھێزە ئەمنییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دا و لە میانیدا شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکان و داواکراوەکاندا، روویدا.
لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکەی نێوان ھێزە ئەمنییەکان و داواکراوەکاندا، 20 کەس کە سەربە یەک خێزان بوون، کوژران کە لەنێویاندا شەش منداڵ ھەن.
لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی بە ھەماھەنگیی لەگەڵ دادگای تێھەڵچوونەوەی پارێزگای بابل لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەی ناوچەی رەشائید دەست پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.