Erbil 38°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 00:37

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر به‌ستنی ماسکی کرده‌ ئیلزامی

کوردستان TV
100%

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بڕیاردرا به‌ستنی ماسك له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كان بكرێته‌‌ ئیلزامی و هه‌روه‌ها چه‌ند خاڵكی تریش بڕیاری له‌سه‌ردرا.

ئەمشەو سێشەم به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دیوانی پارێزگا بۆجێبەجێکردنى بڕیار و ڕاسپاردەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووه‌وە و گەیشتە ئەم بڕیارانەى خوارەوە:-

یه‌كه‌م/ ماوەى پێدانى ڤاکسین تاوەکو 2022.1.20 درێژکرایەوە و پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامودەزگاکانى حکوومى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەوە، تاوەکو ئەم ڕێکەوتە ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

دووەم/ ئەنجامدانى پشکنینى کۆرۆنا بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران، ئەوانەى لە دەرەوەى کوردستان دەگەڕێنەوە، پشکنینى خێراى کۆرۆنا لە فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و مەرزى حاجى ئۆمەران بۆیان ئەنجام دەدرێت.

سێیەم/ بەستنی (ماسک) بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

چواره‌م/  دەبێت هەموو ئەو گەشتیارانەى لە شارەکانى ترى خواروو و ناوەڕاستى عێراقەوە سەردانى هەولێر پایتەخت دەکەن، پشکنینى کۆرۆنایان پێبێت کە ماوەکەى 72 کاتژمێرى تێپەڕ نەکردبێت، بەپێچەوانەوە کۆمپانیاکانى گەشتیارى بەرپرسیارن و دەخرێنە لیستى ڕەشەوە.

پێنجەم/ سه‌رجه‌م کارمەندانى فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، کارمەندانى کەرتى تایبەت (بازرگانی، ڕیستۆرانت، ماركێت، مۆڵ، چێشتخانه‌، یانەى شەوانە، هۆڵ) ده‌بێت ڤاکسین وەرگرن و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى جێبه‌جێ بكه‌ن به‌ تایبه‌تى به‌ستنى (ماسك)، بەپێچەوانەوە دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبنەوە و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.

شەشەم/ بۆ بابەتى پرسەدانان بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ئەوقافى هەولێر ڕاسپێردرا ڕا و سەرنج و پیشنیارەکانیان پێشکەش بە وەزراەتى ئەوقاف و کاروبارى ئاینى بکەن تاوەکو بڕیار و ڕێنمایی نوێى لەبارەوە دەربچێت.

حەوتەم/ ئەگەرچى لە ئێستادا خۆشبەختانە ئامارەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان کەمبووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا مەترسییەکان هەرماون و جددین، بە تایبەتى  مەترسییەکانى هاتنى (ئۆمیکڕۆن) کە خێرا بڵاو دەبێتەوە، بۆیە لەپێناو سەلامەتى گشتی و پاراستنى خۆتان و ئازیزانتان پابەندنى تەواوى ڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان بن بەتایبەتى بەستنى (ماسک).

هەشتەم/ سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەكانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێكارانه‌ى ژوورى ئۆپەراسیۆن وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێ ده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك پێویستى کرد رێكاره‌كان توندتر بکەن.

نۆیەم/ ئه‌م رێكارانه‌ له ‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 4 له‌سه‌ر 5ى 1ی 2022 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر

2022.1.4

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.