Erbil 38°C چوارشەممە 10 حوزەیران 22:50

سەرۆکی لیژنەی شەھیدان: کۆنفرانسێک لەبارەی جینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%


 سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت، بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد لەم مانگەدا کۆنفرانسێکی فراوان بەڕێوە دەبەن، بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن زۆرترین وڵات ددان بە جینۆسایدی گەلی کورددا بنێن، چونکە کورد زۆرترین جینۆسایدی بەسەردا ھاتووە.
سەوسەن  میرخان، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوانی پەرلەمانی کوردستان،  رایده‌گه‌ێنێت: پەرلەمانی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و سەنتەری دھۆک بۆ جینۆساید و زانکۆی چەرمۆ و ڕێکخراوێکی بیانی، کۆنفرانسێک لەبارەی جینۆساید بەڕێوە دەبات بۆ ئەوەی بتواندرێت کار بکرێت بۆ ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد لەسەر ئاستی جیھان و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسە و چۆن وڵاتان ددان بەو کەیسەدا بنێن و ھاوکار بن و بتوانین لە ئەنجومەنی ئاسایش و دادگای باڵای تاوانەکان کاری لەسەر بکەین و سەردانی وڵاتان بکەین و سوود لە ئەزموونی ئەوان وەرگرین، بەتایبەت دروستکردنی مۆزەخانەی جینۆساید لە ھەرێمی کوردستان.
سەوسەن میرخان راشیده‌گه‌ێنێت: دەبێت جینۆساید لە ھزری جیلی نوێدا بمینێت وەکوو ئێوە دەزانن خەڵکێک ستایشی ڕژێم دەکات، بۆیە پێویستە زیاتر ھەستی نەتەوایەتی و ئەو تراژیدیایەی بەسەر میلەتی ئێمەدا ھاتووە باس بکەین، چونکە میللەتی کورد زۆرترین جینۆسایدی بەسەر ھاتووە، بۆیە پێویستە کاری زۆری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی پێکەوە حکوومەت و پەرلەمان و نوێنەراتیمان لە وڵاتان لەگەڵ وڵاتان بتوانن کاری باش بکەن و لە ماوەی ڕابردوودا لە پەرلەمانی فەرەنسا پڕۆژەیەک پێشکەش کرا، بەڵام مخابن دەنگی نەھێنا، بۆیە دەتوانین باس لەوە بکەین کە چۆن ھەماھەنگی دروست بکەین بۆ ئەوەی وڵاتان پشتگیریی ئێمە بکەن و پەیوەندیی باشترمان ھەبێت و بتوانین کاریگەریمان ھەبێت بۆ ئەوەی قەرەبووش بکرێنەوە، چونکە حکوومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی نەکردووەتەوە.
میرخان ده‌شڵێت: ھەندێک وڵات دانیان پێدا ناوە، بەڵام کاری زیاتری دەوێت و وڵاتی دیکەش بەنیازن و کار دەکرێت دانی پێدا نێن، بۆیە کاری زۆری پێویستە و دەبێت لەسەر ئەو پرسە کاری باش بکەین و پێکەوە ھاوکار و ھەماھەنگ بین و لۆبی لە دەرەوە دروست بکەین، بۆیە پێویستە بە یەکدەنگی کار بکەین کە دۆسیەیەکی گرنگە و بودجەیەکی باشی بۆ تەرخان بکەین.
سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: لەم مانگە کۆنفرانسەکە بەڕێوە دەچێت و ئێستا خەریکی ئامادەکاریی کۆنفرانسەکەین و یەک ڕۆژیش دەخایەنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.