سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان فه‌رمانێكی خێرا و به په‌له‌ی ده‌ركرد بۆ لێكۆڵینه‌وه له تاوانی كوشتنی ژنێك و سێ منداڵی خێزانێك له‌گه‌ڵ برینداركردنی پیاوێك له ماڵێك له شاری به‌غدای پایته‌خت.
سه‌رله‌ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌م له گه‌ڕه‌كی ئیعلام له به‌غدای پایته‌خت چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵێك كه خاوه‌ن ماڵه‌كه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه، له ئه‌نجامدا پیاوه‌كه به چه‌ند گوله‌یه‌ك بریندار ده‌كه‌ن و هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سێ منداڵی كه له‌دایكبووی ساڵانی 2007، 2013 و 2014 ده‌كوژن.
مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی كرد به په‌له تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی خێرا پێكبهێنرێ بۆ لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوه‌كه و ده‌ستگیركردنی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان هه‌بووه له تاوانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی توندترین سزای یاساییان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ژنه‌كه و هه‌رسێ منداڵه‌كان به‌هۆی ته‌قه‌ی هێرشكاره‌كان ڕاسته‌وخۆ له‌نێو ماڵه‌كه‌یاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه، پیاوه‌كه‌ش كه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه چه‌ند گوله‌یه‌كی به‌ر كه‌وتووه، به‌ڵام نه‌مردووه و به‌سه‌ختی بریندار كراوه.
دوای ڕووداوه‌كه‌ش ته‌قه‌كه‌ره‌كان بۆی ده‌رچوون و تا ئێستا ده‌ستگیر نه‌كراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.