شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی لە بەغدا لەگەڵ ڕەوتی سەدر کۆبوونەوە و لە دوای کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشییان ئەنجامدا.
هوشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرۆکایەتی شاندەکە دەکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: سەردانی مەکتەبی سیاسی تەیاری سەدریمان کرد و لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی ڕاشکاوانەمان کرد سەبارەت بە پشک و مافی لایەنەکان و هەروەها پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
گوتیشی: ئێمە دەمانەوێت سوود وەربگرین لەو دەرفەتەی لە بەردەممانە کە ڕۆژی یەکشەممە 9ـی 1ـی 2022 کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدرێت لە پەرلەمانی عێراق، بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە سوود وەربگرین لەم دەرفەتەی لە پێشمانە و هەر کەسە و بەپێی پشکی خۆمان بەشی خۆمان وەربگرین.
ئەوەشی خستەڕوو کە "ئێمە دەمانەوێت لەسەر بنەمای هەڵبژاردن بڕیار لەسەر داهاتووی عێراق بدرێت.
هاوکات هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا نەساڕ ڕوبەیعی سەرۆکی دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر گوتی: خۆشحاڵ بووین بە پێشوازیکردن لە شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کە سەردانیان کردووین وەکو درێژەپێدەری ئەو تێگەیشتنەی کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوانماندا هەیە.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵوێستەکانمان یەکگرتوون و تایبەتن بە کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
جێی باسە بڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو یهكهم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بهڕێوه بچێت و ئەندامان سوێندی یاسایی بخۆن و دواتریش كارهكانی تری پڕۆسهی پێكهێنانی سهرۆكی پهرلهمانی و سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران و سهرۆككۆمار ئهنجام بدرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.