وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕێککەوتنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێرییان لەگەڵ ڕێکخراوێکی ژاپۆنی واژۆ کرد و لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی گەسەندنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە " ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی (پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەناونیشانی تۆماری گفتوگۆكان) واژۆ كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە، لەڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە دەچێتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە".
ساسان عەونی لە گوتارێکدا لەبارەی پلانی حكوومەت بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و پشتێنەی سەوز لە شارەكان گوتی: خاڵێک كە بەلای حكوومەت و خودی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، لایەنی ژینگەپارێزییە، بەشێكی ئەم پڕۆژەیەش لە چوارچێوەی بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی جێبەجێ دەبێت، بۆیە بابەتی پشتێنەی سەوز بۆ شاری هەولێر یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی ماستەرپلان و لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە بایەخی زۆرتر بە ژینگەی شارەكە دەدەین كە لە ڕووی جوانكاری، گەشتوگوزار و ئابووریشەوە بۆ هەولێر دەبێتە خاڵێكی تری وەرچەرخان".
ئەوەشی خستەڕوو " پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر، پڕۆژەیەكی فرە ڕەهەندە و چەندین بواری دیزاین، شارسازی، ئابووری و كۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئاووئاوەڕۆ، شارەوانی، گەشتوگوزار، خۆڵوخاشاک و جوانكاری لەخۆدەگرێت، ئەمەش یەكەمجارە بڕیاری هەمواری ماستەرپلان دەدرێت كە گرنگی بە سێكتەرەكانی گواستنەوە، هاتوچۆ، كشتوكاڵ، ئاودێری، پیشەسازی، كارەبا، تەندروستی و چەندین بواری دیكە لە شاری هەولێر دەدات و شارەكە بەرەو پەرەپێدانی بەردەوام ئاراستە دەكات".
هاوکات ئۆزاكی ئایاكۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی جایكا لە عێراق گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کە شاری هەولێر بووەتە ناوەندی تۆڕەکانی گواستنەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کە نەک هەر هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراق بەیەکتر دەبەستێتەوە بەڵکوو وڵاتانی دراوسێش، لەبەر ئەوە پێشبینی دەکرێت ڕۆڵی شاری هەولێر گرنگتر بێت.
جەختیشی کردەوە "گەشەسەندنی شاری هەولێر دەبێتە هۆی سەقامگیریی هەرێم لەڕووی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، شاری هەولێر شارێکی سەرەکییە لە بەرەوپێشچوونی ئابووری عێراق و ئەو گەشەسەندنەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەرە بە بواری وەبەرهێنان بدرێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.