دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە بنبڕکردنی گەندەڵی لە بەغدا، پشت بەستن بە رێساکانی ماددەی 331 لە یاسای سزاکانی عێراق، سزای یەک ساڵ زیندانیکردنی بەتۆمەتی گەندەڵی، بۆ یەحیا ناسری دەرکردووە.
لە ماددەی 331ی یاسای سزاکانی عێراقدا ئاماژە بە کراوە کە ھەر بەرپرس و فەرمانبەریەک کە لە کەرتی گەشتییدا خزمەت دەکات، بە ئەنقەست سەرپێچی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بکات و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی زیان بە کەسانی دیکە و دەوڵەت بگەیەنێت، ئەوا سزای زیندانیکردن و سزای دارایی، بەسەردا دەسەپێندرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "تاوانبارەکە، چەند فەرمانبەرێکی بەپێچەوانەی رێنماییەکانەوە، بۆ راھێنان لەسەر ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی زبل و خاشاک، رەوانەی دەوڵەتی ژاپۆن کردبوو".
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە تاوانبارەکە، بە ئامانجی بەدەستھێنانی دەستکەوتی کەسیی خۆی، لەسەر حیسابی بەرژەوەندی دەوڵەت، فەرمانبەرەکانی رەوانەی ژاپۆن کردبوو.
ھیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە، لەلایەن پارێزگاری پێشووتری زیقار، یەحیا ناسری کە ھێشتا دەستگیرنەکراوە، بڵاوکراونەتەوە.
یەحیا ناسری لە 2013 تا 2019، پارێزگاری زیقار بوو کە دواتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاکە، بەتۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی لادرا.
بەپێی یاساکانی عێراق، سەرجەم ئەو سزایانەی کە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە دەردەکرێن، بەرایین و دەتواندرێت لە میانی 30 رۆژدا لە بەرواری دەرکردنیاندا لە بەردەم دادگای تەمییز، تانەیان لێ بدرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.