تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی كوردستان ھەوالی یەکێک لە بەرپرسەکانی ھەرێمیان بلاوکردۆتەوە، کە دوای وەرگرتنی سێ ژەم ڤاکسین تووشی کۆرۆنا بووە، ئەمەش لای بەشێک لە ھاوولاتیان بە شێوەیەک لێکدانەوەی بۆ كراوە، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان نیەو مرۆڤ ناپارێزن، ئەم لێكدانەوەیەش تا رادەیەك هاولاتیان لە وەرگرتنی ڤاكسین ساردەکاتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم لێكدانەوەیەكی زانستی بۆ ئەو حالەتە بكەم، كە ئایا ڤاكسینەكان كاریگەریان هەیە یاخود نا!
1-دەشێت کەسێک دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین تووشی کۆرۆنا بێت ، بە تایبەت جۆری ئۆمیکرۆن، کە لە کاتی ئێستادا لە زۆربەی وولاتانی جیھان و کوردستان بۆتە جۆری سەرەکی کۆرۆنا . ھەزاران کەس لە بەریتانیا دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین تووشی ئۆمیکرۆن بوون.
2-زۆربەی ھەرەزۆری ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە ، بە سووکی تووشی ئۆمیكرۆن دەبن ، ڕێژەیەکی زۆر کەم تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن.
3-گرنگی وەرگرتنی ڤاکسین تەنھا لەکەمکردنەوەی رێژەی تووشوون نیە ، بەڵکو کەمکردنەوەی رێژەی مردنە ، تاوەكو ئێستا ڤاکسینەکان رێژەی مردنیان تا ئاستێكی بەرز كەمكردۆتەوە، یەک ھەفتە دوای ژەمی سێیەمی ڤاکسین رێژەی ٩٠٪ تووشبووان پێویستیان بە نەخۆشخانە نامێنێت.
4-ئۆمیکرۆن زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە ، بەلام رێژەی ھەوکردنی سیەکان لە ئۆمیكڕۆندا زۆر کەمترە بە بەراوردکردن بە جۆری دەلتا ، بەلام دەبێت ئەوە بگوترێت بەشێکی نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، دیارە ھەموومان ئاگاداری دۆخی ئەوروپاو ئەمریکاین، کە بە داخەوە خەلکانێکی زۆر بە ھۆی کۆرۆناوە دەمرن !.
لێرەدا پرسیارێکی تر سەرهەلدەدات: کێن ئەوانەی پێویستە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەرگرن ؟
وەزارەتی تەندرووستی کوردستان رێگای داوە، کە ھەموو ئەوانەی لە تەمەنی ھەژدە سالیەوە بەسەرەوەن ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن، جێگای داخە تا ئێستاش بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ھیچ ژەمێکی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، دیارە بە شێوەیەکی گشتی مردن لە نێوان مندال و کەسانی گەنج بە ھۆی کۆرۆنا یەکجار کەمە ، ھەر بۆیە كاتێك منداڵیك یاخودگەنجێك ڤاکسین وەرناگرێت بۆ خودی خۆی جێگای نیگەرانی نیە، بەڵام مەترسیەكە لەوەدایە ئەو كەسە هەلگری ڤایرۆسەكە بێت وكەسانی تر تووش بكات. ئاشكرایە، كە تا ئێستا رێژەی زۆری مردن بە ھۆی کۆرۆنا لە نێوان کەسانی بەتەمەنە ، یاخود ئەوانەی ھەلگری ھەندێک نەخۆشین .دەتوانین ئەوانەی ئەگەری تووش بوون بە ھەوکردنی سیەکان زیاترەو پیویست دەكات ژەمی سێیەمی ڤاكیسن وەربگرن، لەچەند گرووپێك چڕ بكەینەوە:
1-ئەوانەی بە تەمەنن ، لەمەیان ھەندێک زەحمەتە بتوانین تەمەنێکی دیاریکراو دەستنیشان بکەین ، بەلام ھەموو ئەو کەسانەی لە سەرووی ٦٠ سالیدان وا باشە ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن، تەنانەت ئەگەر ھێچ نەخۆشیەکیشیان نەبێت .
2-ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، وەک ھەوکردنی درێژخایەنی بۆریەکانی ھەواو وسیەکان، ئەوانەی پەککەوتنی دڵ، گورچیلە یان جگەریان ھەیە.
3-تووشبوانی نەخۆشی شەکرەو ھەندێک لە نەخۆشیەکانی دەمارو مێشک .
4-ئەو نەخۆشانەی ھەندێک دەرمان بەکاردەھێنن، کە دەبێتە ھۆکاری دابەزینی بەرگری لەش، وەک بەشێک لە نەخۆشانی رۆماتیزم و ئەو نەخۆشانەی چاندنی گورچیلە یان مۆخی ئێسکیان بۆکراوە .
5-تووشبوانی شێرپەنجە ، بە تایبەت ئەوانەی چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن.
6-ئەو کەسانەی زۆر قەلەون .
7-کارمەندانی تەندرووستی، کە رۆژانە بەرکەوتنیان لەگەل تووشبوانی کۆڕۆنادا ھەیە ، چونکە ئەگەری تووشبوون بە کۆرۆنا لەو کەسانە زۆر زیاترە بە بەراورد لەگەل خەلکانی تری کۆمەڵگا.
دیارە ھەموو کەس ئەتوانێت ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرێت ، بەلام زۆر گرنگە پەلە بکرێت لە پێدانی ژەمی سێیەم بۆ ئەو کەسانەی کە باسمان کردووە.
کوردستانیانی خۆشەویست ، ھەموومان لەو پەتایە نەگریسە بێزار بووین . من خۆم بەو ھیوایە دەژیم لە زووترین کاتدا واز لە نووسین دەربارەی کۆرۆنا بهێنم ، لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن ئەمسال دۆخی کۆرۆنا باشتر دەبێت ، بەلام تا ئەو کاتە وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبم لە ھۆشیارکردنەوەی ھاولاتیانی کوردستان . خەمێک لە دایک و باوکی بە تەمەنتان بخۆن و بەزەییتان بە کەسانی نەخۆش بێتەوە و یارمەتیان بدەن بۆئەوەی ڤاکسین وەربگرن .
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
لەندەن
دوای سێ ژەم ڤاکسین تووشی ئۆمیکرۆن دەبین ؟

100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.