Erbil 38°C ھەینی 15 ئایار 01:17

پەرلەمانی کوردستان کار لەسەر دەرچوواندنی یاسایەک دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەتان

کوردستان TV
100%


بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمین وۆرکشۆپی گوێگرتن تایبەت بە پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە خێزان و ئافرەت لە هەرێمی 
لە هۆڵی هۆتێل شیراتۆن لە هەولێر بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و بەشێک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان، بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمین وۆرکشۆپی گوێگرتن تایبەت بە پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە خێزان و ئافرەت لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، لەنجە ئیبراهیم لە وۆرکشۆپەکەدا دەربارەی پێشنیازە یاساکە رایگەیاند "یاسای ژمارە هەشت کە لە ساڵی 2011 دەرچوێندرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان هەموومان دان بەوەدا دەنێین کە یەکێک بوو لە باشترین یاساکان لەسەر ئاستی ناوچەکە. لە ماوەی بەرکاربوونی لە 11 ساڵی رابردوودا، توانیویەتی بەرگریی لە گیانی هەزاران ئافرەت بکات کە مەترسی و هەڕەشەیان لەسەربووە سەرباری هەموو ئەو تێبینی و سەرنجانەشی کە هەبووە لەسەر یاساکە، سروشتی یاساکان وایە دوای جێبەجێکردنیان کەموکوڕییەکانیان دەردەکەون، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی بەسەر کۆمەڵگاکاندا دێت دەخوازێت کە پێداچوونەوە بە یاساکاندا بکرێت".

گوتیشی: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا، کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی لەسەر دروست بوو کە تا رادەیەک ئاستەنگی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دروست کرد بەتایبەتی چوارچێوەی جێبەجێکردنەی، بۆیە لە ئەنجامی ئەو تێبینیانەی لەسەر یاساکە دروست بوو ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمان بیرمان لەوە کردەوە کە گۆڕانکارییەک لە یاساکەدا بکەین جا چ لەڕێگای هەموارکردنەوەی یاساکە یاخود لەڕیگای پێشنیازکردنی یاسایەکی تازەبێت کە سەرلەبەری رەهەندەکانی ئەو پرسە رێکبخاتەوە".

لەنجە ئیبراهیم گوتیشی: دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕ دواجار 32 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان رێککەوتن بەپێشکەشکردنی پێشنیازە یاسایەکی نوێ بە ناوی، پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەت و خێزان.

دواتریش وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە وتەیەکدا لە وۆرکشۆپەکەدا رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان پێش زۆر لە وڵاتان لە ساڵی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان یاسایەک دەرچوو کە بەدەستپێشخەرییەک دەزانريت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشکەوتنێکی بەرچاوو بوو لە رووی یاسادانان و لە دەرئەنجامی ئەو یاسایەش هەنگاوی زۆر باش نراون بۆئەوەی باشتر لە جاران بەتەنگ پاراستنی تاک و کۆمەڵگا و خێزان بین وەک بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگا، بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش دامەزراوەکانی حکوومەت لەسەر ئاستی وەزارەتەکان ئەرکی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێ کردووە.
گوتیشی: لەدوای جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەستکرا هەندێک بۆشایی یاسایی هەیە لەبواری خودی یاساکە و ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە مافی قوربانییان و پاراستنی مافی تاک و خودی خێزان و لە دەرئەنجامی ئەو ئەزموونەی کردمان هەموومان گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە پێویستە یاساکە زیاتر تیشک بخاتە سەر ئافرەت، بۆئەوەی ئەو ئەڵقەیەی کە لە کۆمەڵگاکان ئەڵقەیەکی لاوازە بەتایبەت لە کۆمەڵگایانەی کە هێشتا بەتەواوی پێنەگەیشتوون لە رووی دابینکردنی مافی ئافرەت لەبەر ئەوە بەپێویست زانرا پرۆژە یاسایەکی نوێ پێشکەش بکرێت کە لە ناونیشانەکەیەوە جەخت لەسەر مافی ئافرەت بکاتەوە، واتە یاساکە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان ببێتە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزان.
پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبە ئافرەت و خێزان، رۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2021 لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستاندا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، ئێستا ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەندکراوە کە لیژنەی داکۆکیکردنە لە مافی ئافرەت تاوەکو راپۆرتی یەکەم لەسەر پێشنیازە یاساکە ئامادەبکات بۆ خوێندنەوەی دووەم و ئەم وۆرکشۆپەش بۆ ئامادەکاریی ئەو راپۆرتە بەڕێوەچوو.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.