ئەفسەرێک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە پلەی ملازمی یەک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، بۆمبێک کە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لەسەر رێگای خێرای دیوانییە چێندرابوو، بە کاروانێکی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعشدا، تەقیوەتەوە.
ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەیش دا کە تەقینەوەکە زیانی بە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی کاروانەکە گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و راشیگەیاند کە لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوەیان لەبارەی رووداوەکە، دەست پێ کردووە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ئەم جۆرە ھێرشانە بۆسەر ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە عێراق زیادی کردووە.
پێشتر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کە نزیکن لە ئێران ھەڕەشەی ئەوەیان کردبوو کە ھێزە بیانییەکان لە عێراق دەکەنە ئامانج.
ئەوەیش دوای ئەوەی ئەو گرووپانە رایانگەیاندبوو کە گومانیان لە راگەیاندنی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق ھەیە.
لە نۆی مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو، رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق کە شەڕکردن بوو، کۆتایی ھاتووە و گۆڕاوە بۆ راوێژکاریی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.