Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 09:14

کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد

کوردستان TV
100%


 

 

ئەمڕۆ دووشەممە لە قاهیرە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوونی عێراق بە پەیماننامەکە دەستی پێ کرد و سبەش بەردەوامی دەبێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شاندێکی فەرمی بەشدارە کە پێکهاتوون لە کەسانی شارەزا لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕانی یاسایی،  ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرۆکایەتی شاندەکە لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق دەکات.

د. دیندار زێباری سەرۆکی شاندی حکوومەتی هەرێم چەند گوتەیەکی سەبارەت بەو ڕاسپاردانەی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرابوون لە چوارچێوەی کۆماری عێراق پێشکەش کرد.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، د. دیندار زێباری گوتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەران لەژێر هەر هەلومەرجێکدا بێت. لە ڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکانیش، سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوون بووە کە بریتیە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی هەموو ئاوارەکان بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان، لەمبارەیەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016ەوە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 700 هەزار کەس بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان هاوکاربووە."

گوتیشی: پرسی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش هێشتا پرسێکی هەڵپەسێردراوە. ڕێککەوتننامەی شنگال هێشتا جێبەجێ نەکراوە و چەند هێزێکی چەکداری ناعێراقی لەم ناوچانە بوونیان هەیە کە ئەمەش وایکردووە بۆشاییە ئەمنییەکان فراوانتر ببن و تیرۆریستانی داعش جموجۆڵەکانیان دەست پێ بکەنەوە. حکوومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەیە کە بە زووترین کات ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکرێت و دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان بۆ ناوچە ئازاداکراوەکان بگەڕێنەوە.

لە ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانە، هەزار و 719 پێشمەرگە شەهیدبوون و هەروەها 10 هەزار و 369  پێشمەرگە برینداربوون و 47یش تا ئێستا بێسەروشوێنن. لەمبارەیەوە، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند "هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم چەندین بەڵگە و زانیاری پەیوەست بە داعش و سەرچاوە داراییەکانی داوە بە یونیتاد. ئەم میکانیزمەی ئاڵۆگۆڕی زانیاری دامەزراوە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەرشیفەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش و تا ئێستا زیاتر لە 17 هەزار بەڵگە ڕادەستی یونیتاد کراوە. ئەم پڕۆسەیەش تەریبە لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری 2379ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێکهێنانی تیمێکی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی تاوانە نێودەوڵەتییەکان."

دەربارەی پێکدادان و بۆردوومانە سنوورییەکان ڕاشیگەیاند: لە ساڵی ڕابردوو، 626 بۆردوومانی سنووری هەبووە کە 216 هێرشی ئاسمانی و 403 تۆپ و 8 هێرشی زەمینی تۆمارکراون. بەردەوامی ئەم هێرشانە سەروەری عێراق دەخەنە ژێر هەڕەشەوە. داوا لە پێکهاتە چەکدارەکان دەکەین کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکارنەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی هاوسێ، هاوکات داوا لە وڵاتانی هاوسێ دەکەین کە ئەوە لەبەرچاوبگرن کە خەڵکی سڤیل لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێن و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ماڵ و حاڵیان لەژێر مەترسیدایە.

شاندی حکوومەتی هەرێم داتای وردیان سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش، ژمارەی ژنان لە دامەزراوەکانی حکوومەت و هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێشکەش بە لێژنەی مافی مرۆڤی عەرەبی لە کۆمکاری عەرەبی کرد.

بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی لە نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و دامودەزگە پەیوەندیدارە فیدڕاڵییەکان هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی کارای لە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ دەبێت کە خۆی لە گەیاندنی ڕاستییەکان و دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم حوکمڕانی دروست و سەروەری یاسا دەبینێتەوە. ڕەوشی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان پێویستە وەک خۆی و بە دروستی بگاتە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی بنەما فیدڕاڵییەکان و بنچینەکانی هاوبەشییە لە کۆماری عێراق.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.