Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 04:19

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بڵاو كرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

 

حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدڕالی عێراق بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕوانگەی باوەڕبوونی بە دەستووری عێراقی فیدڕاڵ ساڵی 2005 کە لە ماددەی 117دا دانیناوە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵی بە سەرجەم دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەوە، و دەسەڵاتەکان دابەشکران لەنێوان دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان و هەرێمەکان و لە دەستووری عێراق جێگیر کرا کە بواری نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەسڕی حکوومەتی فیدراڵی نییە بە پێی ماددەی 112ی دەستوور و ئەم ماددەیەش دانی ناوە بە مافی هەرێمی کوردستان بۆ دەرهێنان و پەرەپێدانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، و لە ڕوانگەی کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا کە لە مادەی 112ی دەستووردا هاتووە هەرێمی کوردستان هەنگاوی نا بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی یاسایەک دەربکات بۆ نەوت وگاز کە ڕەشنووسەکەشی ئامادە کرا و پەسەند کرا لەلایەن هەردوولاوە لە شوباتی ساڵی 2007 و لە کۆنووسی ئامادەکردنی رەشنووسەکەشدا هاتووە هەردوولا رێکەوتن ئەگەر لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا پرۆژە یاساکە دەرنەچووێندرا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەو داڕشتنەی کە هەردوولا پەسەندیان کردبوو ئەوا هەردوو حکوومەت سەرپشکن لە پەرەپێدانی سێکتەری نەوت و گاز .

لەبەرئەوەی ڕەشنووسە هاوبەشەکە یەک لایەنە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە گۆڕانکاری جەوهەری تێدا کرا بەبێ هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک پڕۆژەکە خاڵی کرایەوە لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، بۆیە پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەستوورییەکان یاسای نەوت و گازی هەرێمی تەشریع کرد و لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێ ئەم یاسایە، کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی دونیا بە سەرمایەی گەورە وەبەرهێنانیان لەم بوارە کرد بۆ گەڕان بەدوای نەوت و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان دوای دۆزینەوەی نەوت.

لە دوای بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە شوباتی ساڵی 2014 یەکلایەنە لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە و پێش ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردەی دەرەوەی بکات، و لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێم بۆ قەیرانێکی دارایی گەورە لە مانگی ئایاری 2014 نەوتی هەرێم هەناردە کرا بۆ دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەو کاتەشەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە گفتوگۆکردن بۆ گرتنەبەری رێکاری دەستووری هاوبەش، لە دوایین وێستگەشدا هەردوولا لەچوارچێوەی یاسای بوودجەی عێراقی فیدراڵدا لە ساڵی 2021 رێکەوتن کە هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی هەیە، و داهاتی فرۆشتنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی هەرێمیش رۆژانە بدرێتەوە بە حکوومەتی فیدراڵی، لە هەمانکاتدا هەردوولا لێکتێگەشتنێکی هاوبەشیان هەبوو بۆ داڕشتنی  پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە پشتبەستن بە ماددەی 112ی دەستوور ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان باوەری بە کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی هەیە بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی نەوت و گاز لە سەرتاسەری عێراق.

لە کاتێکدا دەبوو هەموو لایەنەکان پاڵپشتی ئەو کەشە ئەرێنییەیان بکردایە لەنێوان حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، بەڵام دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەمڕۆ بڕیارێکی دەرکرد بەبێ ڕەچاوکردنی بنەما دەستوورییەکان بە پشتبەستن بە یاسا مەرکەزییەکانی ڕژێمی بەعسی پێشوو کە ناکۆکن لەگەڵ بنەماکانی فیدڕاڵییەتدا، و ئەرکی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکانیشە ئەو یاسا مەرکەزییانە لە دوای ساڵی 2005ەوە هەڵبووەشێننەوە لە ناویشیاندا یاسای وەزارەتی نەوتی ژمارە 101ی ساڵی 1976، سەرەرای ئەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی چەندین سەرپێچی یاسایی و رێکاری دادبینی تێدایە وەکو یەکخستنی دوو داوای جیاواز بەبێ بوونی بنەمای یاسایی.

بۆیە ئەم بڕیارە ئەبێتە هۆکاری زیاتر ئاڵۆزکردنی بابەتەکە و چارەسەرنەکردنی کێشەکە.

لەبەر رۆشنایی ئەو راستییانەی سەرەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەر:

١. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانە و نادەستوورییە و دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی هەرێمی کوردستانی بکردایە.

٢. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی هەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستووری عێراقدا جێگیر کراون، لەم سۆنگەیەشەوە حکوومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دەستووری بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە، سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد و هەوڵی دا کە ئەم داوایە دوابخرێت و دەرفەتێک بدرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی داهاتوودا ڕێک بکەوێت.

٣. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی دەستووری و یاسایی و دادوەری دەگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و گازدا کراون.

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

15/2/2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.