گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی بڕیارەکەی داگەی فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارەکە نایاسایی و نادەستوورییە، جەختیشی کردەوە، سازش لەو بڕیارانە ناکەن کە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان داویانە.
جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ڕۆژەڤی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان گوتی "لە مێژینەی بزاڤی سیاسی عێراقدا مەترسی تێپەڕاندن و پێشێلکردنی یاسا و دەستوور هەبووە کە بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری و نەهامەتییەکی گەورە بۆ هەموو عێراقییەکان، دووپاتیشی کردەوە ستراتیژییەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە عێراقێکی دیموکراسی و سەقامگیری فیدڕاڵ هەبێت کە ڕێز لە دەستوور و یاسا بگرێت، لە بەرژەوەندی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت."
گوتیشی: هەر کاتێک دەستوور و بنەماکانی تەوافوق و شەراکەت پێشێل بکرێن دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر پێکهاتە و دەستووری عێراق، بۆیە ئەم جۆرە بڕیارانە ئەگەر ڕێگەی لێ نەگیرێ و ژیرانەتر سەیری بابەتەکە نەکەن کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی سیاسی و پێشوەچوونەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دەبێت.
جوتیار عادل هەروەها ڕایگەیاند: ئەم بابەتە لە 2012ەوە هەیە، جێگەی پرسیارە کە ئێستا ئەم بڕیارە دراوە، بڕیارەکە بە مەبەستی دروستکردنی کۆسپە لەبەردەم پرۆسەیەکی دیموکراسی، لەهەمان کاتدا جەخت کراوەتەوە کە دامەزراوەیەکی وەک دادگە پێویستە زۆر دەستوورانە مامەڵە بکات، بەداخەوە ئەم بڕیارە وایکرد پرسیار لەسەر دادگەی فیدڕاڵی و بڕیارەکانی ئەم دادگەیە بکەین، بۆیە ئەم کاتەش جێگەی پرسیارە کە بۆچی ئەم بڕیارانە دەردەکرێن، ئەم مەسەلەیە مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هەیە، بۆیە ئومێدەوارین شیکردنەوەیەکی باشمان لە سیاسییەکانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە دەستکەوێت.
ڕاشیگەیاند: هەر وڵاتێک بڕیارێکی سەربەخۆی نەبێت، دەستوەردان زۆر دەبێت و گرفت بۆ پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و گەشەسەندنی دروست دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا "خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەینەوە بەردەوام دەبین لە دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان، هەروەها بەدیهێنانی ئەو مافانەی لە دەستووردا هاتووە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان."
جوتیار عادل ڕوونی کردەوە "ڕێککەوتنمان هەبوو لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەمبارەیەوە کە ڕێکەوتنەکە بریتی بوو لەوەی هەتا یاسا نەبێت هەردوو لا دەتوانن سیاسەتی گەڕان و دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت ئەنجام بدەن، بەڵام بەغدا تاکلایەنە گۆڕانکاری لە بڕیارەکان کردووە، جەختیشی کردەوە کە دڵنیان لەو ڕێکارانەی ئەنجامدراون یاسایی و دەستوورین."
لە درێژەی دیدارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا ئەم بابەتە بابەتێکە کاریگەری نەرێنی لەسەر خودی ڕێڕەوی ڕێککەوتنەکانی پێشتر و گفتوگۆکان دەکات. جەختیشی لە پابەندبوون بە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە دەستوور کردەوە و ڕایگەیاند "بەرگریش لەو بڕیارانە دەکەین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەریکردوون، دڵنیای کۆمپانیا و ئەو لایەنانە دەکەین کە پابەند دەبین بە پابەندییەکانی خۆمان بە رامبەریان، هەروەها سازش لە هیچ بڕیارێکی خۆمان ناکەین کە لە خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان داومانە."
گوتەبێژی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە کە هەموو ڕێکارەکان بە ڕێککەوتن بوونە، ئیتر ناکرێ دوای ئەوە بڕیارێکی وا دەربکرێ کە ئەمەش بە مانەی دروستکردنی کۆسپ دێت لەبەردەم هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.