جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆنگرەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو زیادەڕۆییانەی دەکرێتە سەر زەوی جوتیاران لە کەرکووک دەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند "محەممەد ئەلخەفاجی وەزیری کشتوکاڵی عێراقمان بانگهێشت کرد و دەربارەی ئەو زیادەڕۆییانەی دەکرێتە سەر زەوی جوتیارانی ناوچەکە لەلایەن هاوردەکانەوە، گفتوگۆمان کرد.
ڕاشیگەیاند:بە وەزیری کشتوکاڵم ڕاگەیاند کە خەڵکێک لەناو وەزارەت لەم بابەتە تێوەگلاوە، پێویستە چارەسەر بکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا "بریار درا کۆنگرەیەک لە بەغدا بەمنزیکانە ئەنجام بدرێت بۆ ڕێگریکردن لەو بابەتە و بەپێی ماددەی 140 کار بۆ چارەسەریان بکرێت.
هاوکات ھەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا لەبارەی گەمارۆی سەر گوندی شناغە ڕایگەیاند: گەمارۆی سەر گوندی شناغەمان هەڵگرت و ئێستا هاووڵاتییانی گوندەکە دەتوانن دەست بەکاری جوتیاری خۆیان بکەن .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.