Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 12:08

مەسرور بارزانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن جێ دەهێڵێت

کۆبوونەوەکانمان بەرهەمداربوون و تێگەیشتنی باشیشمان لەگەڵ لایەنەکان هەبووە
کوردستان TV
100%

لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی گرینگی ئەنجام دا و بیروبۆچوونەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە هەرێمەوە خستەڕوو، کەمێک پێش ئێستاش شوێنی کۆنفرانسەکەی جێهێشت و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ هەولێر بگەڕێتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) لەبارەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند: ئێمە بەشداریمان لەم کۆنفرانسە کردووە بۆ ئەوەی تێڕوانین و بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بابەتەکانەوە بخەینەڕوو، هەروەها چەندین دیداری دوولایەنەمان لەگەڵ زۆربەی ئەو بەشداربووانەی هاتوونەتە میونشن ئەنجام داوە.

ڕاشیگەیاند: هەرچەندە ئەمساڵ بەهۆی کۆڕۆناوە ژمارەی بەشداربووان کەمتربوو، بەڵام توانیمان چەندین دیدار ئەنجام بدەین و ڕوانگەی هەرێمی کوردستان لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانەی لە ناوچەکەدا ڕوو دەدات، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان بخەینەڕوو، هەروەها گوێبیستی بیروبۆچوونەکانی ئەوانیش بووینە، پێموایە کۆبوونەوەکانمان بەرهەمی باشیان دەبێت و تێگەیشتنی باشیشمان هەبووە لەگەڵ ئەو لایەنانە.

مەسرور بارزانی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕالی ڕوونی کردەوە "ئەمە بابەتێکی ناوخۆییە و ئێمە نیگەرانی خۆمان بۆ ئەو بڕیارانەی کە بە سیاسی کراون دەربڕی، بەداخەوە کە دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانن و ئەوەی لە تواناماندا بووە بۆ شیکردنەوەی بابەتەکان قسەی پێویستمان لەسەر کردووە"

لەبارەی پرس و بابەتەکانی کۆنفرانسەکە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا "سێ بابەتی سەرەکی لە کۆنفرانسەکە باسکرا، بابەتی سیاسی، ئابووری و ئاسایش گفتوگۆ لەبارەیانەوە کرا و لەسەر هەموو ئەم بابەتانە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەمان کرد و بیروبۆچوون و تێڕوانینی هەرێمی کوردستانمان لەسەری خستەڕوو."

هاوکات پەیامنێری کوردستان تیڤی لە میونشن پێی ڕاگەیاندین: کەمێک پێش ئێستا مەسرور بارزانی شوێنی کۆنفرانسەکەی جێهێشت و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بەرەو هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.