ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای سه‌ردانی بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، گه‌یشته‌وه هه‌ولێر.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له دەوحەی پایته‌ختی قەتەر له‌گه‌ڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
پاشان سەرۆکی حکوومەت لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، چەندین دیداری لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتووەکان و توركيا و وڵاتانی عەرەبی هەبوو، لەوانە دیداری هاوبەشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و شاندی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکا.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت دیدار و کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، وەزیری دەرەوەی سعوودییە، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردن، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا، وەزیری بەرگریی تورکیا، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی ئەنجام دا.
لە دیدار و کۆبوونەوەکاندا بارودۆخی گشتی و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتانە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت لە لێدوانێکیدا بۆ (کوردستان تیڤی) ئاماژەی بەوەدا کە لە دیدارەکانیدا ڕوانگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر زۆربه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا ڕوودە‌ده‌ن، خستووەتەڕوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگن. دووپاتیشی کردەوە کە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.