Erbil 38°C ھەینی 08 ئایار 02:10

مه‌سرور بارزانی: هیچ شه‌ڕه‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌ و توندوتیژییه‌كان ده‌بێت بووه‌ستێنرێ

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ توندوتیژی و تاوان دژ به‌ ئافره‌تان بوەستێنرێ، چونكه‌ هیچ شه‌ڕه‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: تەنیا لەم ساڵەدا 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ گفتوگۆمان كردووه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-

زۆر نیگەران و خه‌مبارم به‌ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان. لێره‌دا دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هیچ شه‌ڕەفێک له‌ ژن كوشتندا نییه‌.

لەگەڵ وەزیری ناوخۆ لەسەر ڕووداوی دڵته‌زێنی شنیار خان گفتوگۆمان كرد و ستایشی كارمه‌ندانی پۆلیسم کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباره‌كه‌ و پشتگیری خۆمم بۆ سزادانی تاوانباران دووپات کردەوە.

تەنیا لەم ساڵەدا، 9 ئافرەتی بێتاوان ‌لە ئەنجامی توندوتیژی خێزانییەوە کوژراون، ئەم تاوانانە‌ ده‌بێت بوەستن و وەک خەڵکی کوردستان، نابێت قبوڵی بکەین، وەک حکومەتیش ئێمە ھاوکار و پاڵپشتی دادگا دەبین لەسەپاندنی توندترین سزا بۆ ئەم تاوانانە.

من سوورم لە سەر پاراستنی هەموو ژن و کچ و منداڵێک كه‌ له‌ مه‌ترسیدان. دەزانم کە پێویستی بە کات و پابەندبوونێكی جدی هەیە، ھەربۆیە بنبڕکردنی ئەم دیاردە نامرۆڤانەیە، پێویستی بە به‌شداریی هه‌موومان هەیە وەک چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و به‌رپرسان و کەسایەتییە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان ، ھەروەھا پێویستمان بە ئەنجامدانی چاكسازیی لە سیستەمی دادوەریدا ھەیە .

ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ کۆتاییھێنان بەم تاوانانە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.