ڕۆژی 24ی سێپتێمبه‌ری 2019 ڕابردوو كێشه‌یه‌كی گه‌وره له نێوان هه‌ردوو گوندی قه‌ڵاتووكان و ده‌شتێوانی سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر له قه‌زای پشده‌ر ڕوویدا و به‌وهۆیه‌وه كوڕێكی ته‌مه‌ن32 ساڵان به ناوی " سه‌رهه‌د" كوژراو دوو كه‌سی تریش بریندار بوون.
له باره‌ی ڕووداوه‌كه‌شه‌وه پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له ڕاگهێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: كاتژمێر 3:00 دوانیوه‌ڕۆ به‌هۆی كێشه‌ی پوش پاوه‌ن شه‌ڕ له نێوان دانیشتوانی گوندی (ده‌شتێوان و قه‌ڵاتوكان) سه‌ر به ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر قه‌زای پشده‌ر (قه‌ڵادزێ) ڕوویدا كه چه‌كی تێدا به‌كار هاتووه و به‌و هۆیه‌وه كوژراوێك و 2 برینداری لێكهوتهوه و دوای ڕووداوه‌كه‌ش ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانمان خرانه حاڵه‌تی ئاماده‌باشی و له ئێستاشدا له هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ڕووداوه‌كه دان.
ڕاشیگه‌یاند: كوژراوه‌كه ناوی (س . ع . ح ) له دایك بووی 1987 پیشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه و دانیشتووی گوندی (ده‌شتێوان)ه. برینداره‌كانیش به‌ناوی ( ئ . ع . ن ) له‌دایك بووی ساڵی 1999 پیشه‌ی شوان دانیشتووی گوندی خواران، برینداری دووه‌م ناوی ( ر . ع . ٲ ) له‌دایك بووی ساڵی 1984 پیشه‌ی پێشمه‌رگه دانیشتووی گوندی (ده‌شتێوان)ه.
له باره‌ی ڕووداوه‌كه‌شه‌وه هه‌ر گونده‌و به جۆرێك باس له كێشه‌كه ده‌كات و به‌ڵام هه‌ردوو لا له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه بوونه هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی شه‌ڕه‌كه و ڕژانی خوێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ڕێگه‌یان نه‌داوه هێزه ئه‌منیه‌كان بێن بۆ گونده‌كان و ڕێگری بكه‌ن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندی ئاڵۆزییه‌كان.
هاوڵاتی گوندی ده‌شتێوان به‌ناوى" م ، ح" له باره‌ی كێشه‌كه‌وه به ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: 3 منداڵی گونده‌كه‌مان به مه‌به‌ستی له‌وه‌ڕاندنی مه‌ڕو ماڵات ده‌چنه چیا و له كاتی لێكردنه‌وه‌ی گه‌ڵا بۆ ماڵاتهكهكان، هاووڵاتییه‌كی گوندی قه‌ڵاتووكان به ناوی "ش" به‌ردێكی گه‌وره له‌سه‌ری منداڵه‌كه ده‌دات و له‌سه‌ر دار به‌ری ده‌داته خواره‌وه و به‌و هۆیه‌شه‌وه سه‌ری ده‌شكێنێت و خوێنێكی زۆری لێده‌ڕوات و پاشانیش به‌چه‌ند كه‌سێك له منداڵه‌كان ده‌ده‌ن و پێیان ده‌ڵین بڕۆن له‌سنووری ئێمه‌دا گهڵابۆ ماڵاتی خۆتان لێمهكهنهوه.
منداڵه‌كانیش له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندی به گونده‌وه ده‌كه‌ن و ده‌لێن: فریامانكهون به لێدان كوشتیانین، دوای په‌یوه‌ندییه‌كه سه‌رهه‌د و دوو هاوڕێی به بێ چه‌ك له گونده‌وه ده‌چنه شاخ و ده‌ڵێن بۆ واتان له‌و منداڵانه كردووه و تاوانیان چیه؟ دوای ئه‌وه له لایه‌ن "ش" و "ج" ده‌درێنه به‌ر ده‌ستڕێژی گولـله و ده‌ستبه‌جێ سه‌رهه‌د جوانه‌مه‌رگ ده‌بێت و دوو كه‌سه‌كه‌ی تریش بریندار ده‌بن، دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵ گه‌یشته‌وه گوند كه سه‌رهه‌د كوژراوه خه‌ڵكی گوندیش ده‌چنه سه‌ر گوندی قه‌ڵاتووكان به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێشتر ئاماده‌كارییان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كردبوو هیچ زه‌ره‌رێكیان به‌ر ناكه‌وێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه "ڕ،ج" دانیشتووی گوندی قه‌ڵاتووكان له لێدوانێكیدا بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان گوتی: ماوه‌یه‌كی زۆره ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ گوندی ده‌شتێوان هه‌یه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی سنووری گونده‌كانی ئێمه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌دایه كێشه‌كه به كراوه‌یی له نێوانماندا ماوه‌ته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كانی سه‌نگه‌سه‌ر و پشده‌ر به ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕینیشه‌وه بۆیان نه‌بووه بێنه گونده‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانمان بكه‌ن.
گوتیشی، ئێمه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له ڕێگای گوندی توتمه له ژاراواوه ده‌چینه‌وه گوند و دێینه‌وه خواره‌وه و خه‌ڵكی گوندی ده‌شتێوان ڕێگه ناده‌ن له ڕێگه‌ی سه‌ره‌كییه‌وه هاتووچۆ بكه‌ین چونكه به گونده‌كه‌ی ئه‌واندا ڕه‌ت ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتیشی، ئه‌و كێشه‌یه‌ش یه‌كێك بوو له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی گوندی قه‌ڵاتوكان به‌ڵام هه‌ر دانمان به‌خۆماندا گرت تا شهر دروست نه‌بێت.
گوتیشی ڕۆژی دروستبوونی كێشه گه‌وره‌كه 3 هه‌رزه‌كاری گوندی ده‌شتێوان له داره‌كانی ئێمه له نزیك چیا گه‌ڵایان بۆ ماڵاتیان بڕیوه و دواتر له‌لایه‌ن كه‌سێكی ئێمه‌وه لێیان ده‌درێت پێیان ده‌ڵێت "ئێوه ناهێڵن به گوندی ئێوه‌دا هاتووچۆ بكه‌ین كه‌چی گه‌ڵاى ئێمه بۆ ماڵاته‌كانتان ده‌بڕن" ئیتر لێره‌وه شه‌ڕ گه‌وره بوو و به‌داخه‌وه خوێن ڕژا.
گوتیشی: ئه‌وه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه و ته‌واوی خه‌ڵكی گونده‌كه‌مان به‌هۆیه‌وه ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون و منداڵه‌كانمان له خوێندن بوون و كه‌سمان بۆی نییه به ئازادی بچێته‌وه گوند یا بچێت بۆ سه‌نگه‌سه‌ر و سه‌رێك له ماڵه‌كه‌ى بداته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتیشی: ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه گه‌وره‌تر نه‌بێت هه‌ر كه‌سێك په‌یوه‌ندی به كێشه‌كه‌وه هه‌بووبێت ڕاده‌ستی پۆلیسمان كردووه به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كیتر ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی گوندی ده‌شتێوان هه‌ره‌شه‌ی گه‌وره له‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ن كه ته‌نانه‌ت له گوند نه‌بوون و ئاگایان له شه‌ڕی ئه‌و ڕۆژه نه‌بوو كه‌چی له ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وان ده‌ر به‌ده‌ر بوون.
ئه‌و هاوڵاتییه‌ی گوندی قه‌ڵاتووكان گوتیشی: ئێمه هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ژیانمانه و ته‌نانه‌ت ژن و منداڵه‌كانیشمان هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره و ناتوانن بێنه ده‌ره‌وه بۆیه داوا له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین به هانامانه‌وه بێن و ئاوێك به‌و ئاگره‌دا بكه‌ن و كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
"ئ، ع" هاووڵاتی گوندی ده‌شتێوان بۆ ماڵپه‌ڕی ده‌زگای سهتلایتی كوردستان گوتی: تۆڵه‌ی خوێن خوێنه و ئێمه سازش له‌سه‌ر خوێنی لاوێكمان كه خاوه‌نی سێ منداڵی ورده ناكه‌ین و مه‌سڵه‌تی عه‌شایه‌ریمان قبوڵنیه، یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت بكوژه‌كان له سێداره بدرێن یانیش ئه‌گه‌ر دادگا و یاسا كاری خۆی نه‌كات ئێمه كه‌سێكی ئه‌وان دهكوژینهوه.
هاوڵاتی گوندی قه‌ڵاتووكان "ق، ع" كه ئێستا ئاواره بووه بۆ ماڵپه‌ڕی كوردستان تیڤی گوتی: كێشه‌ی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ن ئه‌گه‌رنا كێشه و ناكۆكی له نێوان دووبرا له خێزانێكیشدا ڕووده‌دات جا چ بگات به‌وه‌ی له نێوان دوو گوندی دراوسێ، به‌ڵام ئه‌وان به‌هۆی پشتگیری گوندێك و پشتكردن له گونده‌كه‌ی تر كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن و به ئه‌نقه‌ست واده‌كه‌ن كێشه و دووبه‌ره‌كی له نێوانماندا دروست ببێت تاخێر و سامانی گونده‌كان له غیابی ئێمه‌دا بۆخۆیان به‌رن.
هاوكات " ر، ح" هاوڵاتی گوندی ده‌شتێوان هاوڕایه له‌گه‌ڵ قسه‌كانی "ق، ع" و ده‌ڵێت: ئه‌وكاته كه كێشه‌كه ڕوویدا هێزه ئه‌منییه‌كان تا پشت سه‌یته‌ره‌ی زوركان هاتن و له‌سه‌رووی ئه‌وێوه چه‌كدارانی په‌كه‌كه ڕێگریان لێ‌كردن و نه‌یانهێشت بێنه سه‌ره‌وه و كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن یانیش ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیر بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێت كێشه‌كه گه‌وره‌تر بكه‌ن.
له باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه "ك، ئ" دانیشتووی سه‌نگه‌سه‌ر و ئاگادار له كێشه‌كه ڕایگه‌یاند: ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه دروست بووه سێ لایه‌نه له نێوان كۆمه‌ڵه كه‌سێك هاوكات له‌گه‌ڵ سه‌رانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه كێشه‌كه‌ش له‌سه‌ر شوێنی جوگرافی گوندی قهڵاتووكانه كه نزیكه له سنووره‌كانی ئێران و له ناوچه سنوورییه‌كانیش كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێكی زۆر خه‌ریكی بازرگانی كردنه به مادده هۆشبه‌ره‌كانه‌وه.
گوتیشی: چه‌ند كه‌سێك له دانیشتوانی هه‌ردوو گوند له بنه‌ڕه‌تدا له‌سه‌ر كێشه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر شه‌ڕیان بووه و دواتر كێشه‌كه په‌لی هاویشتووه و بووه به كێشه‌ی دوو گوند و وای لێهات كوژراو و برینداری لێكهوتهوه.
هه‌روه‌ها گوتیشی: په‌كه‌كه له‌و نێوه‌نده‌دا كار له‌سه‌ر قازانجی خۆی ده‌كات و پشتی ئه‌و لایه‌نه ده‌گرێت كه سوودی زیاتری پێده‌دات و پشتیش له‌و لایه ده‌كات كه به دزی ئه‌وه وه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان ڕێك ده‌كه‌وێت و هه‌تا سزای گه‌وره‌ی ماددیشیان ده‌دات.
هه‌ر له باره‌ی كێشه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین به ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: كاتێ په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه كرا ده‌ست به‌جێ وه‌ك كاری پیشه‌یی خۆمان ویستمان بچین بۆ نێوانگیری و ڕێگری له گرژیی و ئاڵۆزی زیاتر بكه‌ین، به‌ڵام چه‌كدارانی په‌كه‌كه ڕێگر بوون له‌وه‌ی ئێمه به چه‌كه‌وه بچینه ئه‌و دوو گونده و ئێمه‌ش تا كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بۆ دروست نه‌بێت نه‌مانتوانی بچین و كاری پیشه‌یی خۆمان ئه‌نجام بده‌ین
شایه‌نی باسه تا ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته كێشه‌كه به كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و بكه‌رانی ڕووداوه‌كه‌ش كه نزیكه‌ی 10 پیاون هاتوونه‌ته سه‌نگه‌سه‌ر و خۆیان ڕاده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كردووه، به‌ڵام ته‌واوی بنه‌ماڵه‌كانی گونده‌كه به ژن و ماڵ‌و منداڵیانه‌وه ئاواره بوون و داواش له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كه هه‌رچی زووه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ن تاوه‌كو خوێنی زیاتر نه‌ڕژێت و كه‌سی تر نه‌بێته قوربانی.
هاوكات زۆربه‌ی دانیشتوانی هه‌ردوو گوند داوا ده‌كه‌ن سنوورێك بۆ ڕێگرییه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه دابندرێت و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له كاتی بوونی هه‌ر كێشه‌و گیر و گرفتێك بۆهه‌ر گوندێكی بناری قه‌ندیل به‌هانای خه‌ڵكه‌كه‌وه بێن و ڕێگه نه‌ده‌ن ڕووداوی هاوشێوه دووباره ببێته‌وه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.