کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامەکانی ژماردنەوەی دەستی لەسەرجەم وێستگەکان هاوتابوون لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی.
ئەمڕۆ دووشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی سەرجەم وێستگە تانە لێدراوەکانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ژماردنەوەی دەستی بۆ 4 هەزار و 324 وێستگە ئەنجامدران لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین، بابل، میسان، دیالە، بەغدا-ڕەسافە و کەرخ، هەولێر، کەرکووک، کەربەلا، موسەننا، قادسییە، ئەنبار، زیقار، بەسرە و نەجەف.
هەروەها ڕایگەیاند: لەکۆی هەزار و 436 تانە تەنها 87 تانە پەسەند کران، لەسەر ئەو بنەمایەش ژماردنەوەی دەستی بۆ چوار هەزار و 324 وێستگەی دەنگدان ئەنجامدرا، دەرکەوت ئەنجامەکانی ژماردنەوەی دەستی هاوتای ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنین.
ڕاشیگەیاند: کۆمسیۆن وردەکاری هەموو ئەنجامەکان ڕادەستی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دەکات، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.
ڕۆژی 8 و 10ـی مانگی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێووەچوو، پاشان کۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەکانی ڕاگەیاند و بەهۆیەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن کاندیدە سەرنەوکەوتووەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چەندین تانەی لەلایەن کاندیدەکانی هەڵبژاردنەوە بەدەست گەیشت، لەسەر ئەو بنەمایەش پڕۆسەی ژماردنەوەی دەستی بۆ بەشێک لە وێستگەکان ئەنجامدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.