Erbil 38°C یەکشەممە 17 ئایار 09:54

کەشناسی: ئەم هەفتەیە بەفر لە سەنتەری شارەکان دەبارێت

کوردستان TV
100%

 

کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەشی زۆری ناوچەکان بەتایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی لە هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژانی ئاینده‌دا تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی بارستە هەوایەكی سارد و پلەکانی گەرما بکەوێتە ژێر سفرەوە، هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێتئ"ئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری دهۆک دەگاتە -3، هەولێر -2 و سلێمانی -4 پلەی سیلیزی دەبێت و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ -10 پلەی سیلیزی دادەبەزن".

ئاماژەی بەوەشکرد "سەبارەت بە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی دروستبوونی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەشی زۆری ناوچەکان بە تایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت، بەڵام پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و بارانبارین ئەگەر هەبێت بە شێوەی ئاسایی دەبێت".

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەو شەپۆڵە سەرماییە چەند ڕێنماییەک بە هاووڵاتییان دەدات:
• پۆشینی جلوبەرگ، گۆرەوی، كڵاو، دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەشوهەوای داهاتوودا بگونجێت، بەتایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاچووەكان.
• پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت دەرنەچن و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ نەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بن، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێن، بەتایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان پارێزراو بن.
• تا زووە پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی ماددەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەكان بكرێت.
•پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە منداڵەکان ئامۆژگاری بكرێن كە لەكاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەک بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن و خۆیان لێ بەدوور بگرن، لە ڕۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و ڕانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراوی خزین خلیكسان و بەربوونەوە.
• تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاری لە گەرمیی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێ دەبەخشێت، بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرما.
• بە هیچ شێوەیەک نابێ هاووڵاتییان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لەكاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بە تایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دراماتیكی، خێرا و چاوەڕواننەكراو لەو ناوچانەدا ڕوودەدەن و هیچ دەرفەتێک بە ڕزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە سانایی ناگەنە ئەو ناوچە و شوێنە سەخت و دژوارانە.
• برایانی جوتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بەتایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێت بەروبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن.
• خاوەن نەمامگە و خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان پێویستە تا بكرێت دارودرەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بەشێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن.
• بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێک ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لانی كەم بۆ ماوەی 2 تا 3 رۆژی خواردنەوە و پێداویستیی سەرەكیی ئەندامانی خێزان دابین بكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێ دێت.
• تیمەكانی تایبەت بە ڕاماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدا بن.
• تیمەكانی شاخەوانی لە كاتی چالاكبوونی بەفر بارین بە هیچ شێوەیەک بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.