گوتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاشكرای كرد، بهفربارین جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە حاجی ئۆمەران وەستاند.
سیروان حوسێن گوتەبێژی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند: بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفر بارینەی سنووری حاجی ئۆمەرانی گرتۆتەوە، ئاستەنگی هاتووچۆ لە سنوورەکەمان دروست بووە، هەرچەندە تیمەکانی بەفر ڕاماڵینی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران و تیمەکانی کۆمەڵگه لە بەیانییەوە خەریکی ڕاماڵینی بەفرن، بەڵام لە دیوی ئێران نەتوانراوە رێگا پاک بکرێتەوە و کاڵاکان بگەنە سنوور و ڕێگای گەشتیارانیش نەکراوەتەوە.
راشیگەیاند: سنووری ئێمە هەمیشە کراوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێوارە بەهۆی زۆری بەفر و پاکنەکردنەوەی لە دیوی ئێران ڕێگا ئەستەمە و داوا لە گەشتیاران دەکەین ئەگەر زۆر پێویست نەبێت، تا کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە، ڕێگای سنووری حاجی ئۆمەران نەگرنەبەر.
هاوکات خوسرەت سادق بەڕێوەبەری پاراستن و چاککردنی ڕێگاوبانی سۆران ڕایگەیاند: تیمەکانمان بەردەوام خەریکی خاوێنکردنەوەی ڕێگای حاجی ئۆمەرانن، ڕێژەی بەفربارین لە حاجی ئۆمەران گەیشتووەتە 50 سانتی مەتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.