ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەبەرامبەر گرتنەبەری هەنگاوەکان و ڕێکارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
یاریدەدەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) د. چێکوو ئیهیکوازۆ ستایشی ڕۆڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە هەنگاوەکان و ڕێکارەکانی حکوومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی بەردەوام هاوکار بووە، لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
نێردەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتی: ئێمە لەگەڵ شاندێکی گەورە و گرنگی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاتووین و ئهمڕۆ سێ پەیاممان هەیە، یەکەم ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی مەزنی ئەنجامداوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە، نەک هەر ئەوەش بەڵکو ئێستا توانیوویانە یەکەم حاڵەتی ئۆمیکرۆنیش لە هەرێمەکە بدۆزنەوە، ئەمەش بەو واتایەی کە تیمی تەندروستی سەرکەوتووبوون لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە گۆڕاوەی کۆرۆنا.
دووەم تیمی تەندروستی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی تەندروستی جیهانی توانیوویانە پێکەوە کار بکەن، بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش.
سێیەم بۆ ماوەی دوو ساڵە، هەماهەنگییەکی چڕ لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و تیمی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە و دەشزانین کە ئەو پەتایە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئێمە پێکەوە بەهێزین و دەتوانین پێکەوە رووبەڕووی ببینەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد "دەمەوێت بەتایبەتیش سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بکەم کە بەردەوام هاوکار بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سوپاسی وەزیری تەندروستیش دەکەم بۆ ئەو هەماهەنگییە پتەوەی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.