وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێگەکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و چەند ڕێگەیەکی دیکە لە دەڤەری ڕاپەڕین کرانەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە درێژەی ھەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی وەزارەتەکەمان بۆ ڕاماڵینی بەفر و پاککردنەوەی ڕێگەوبانەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ڕێگەکانی مەرزی کێلێ و شێنێ و زەڵێ و سونێ و چەند ڕێگەیەکی تر لە دەڤەری راپەڕین کرانەوە.
ڕاشیگەیاند: لەگەڵ ھاتنی ئەو شەپۆڵی بەفربارینەی ھەرێمی کوردستانی گرتەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ڕاپەڕین بەردەوامن لە ڕاماڵینی بەفر و پاککردنەوەی ڕێگەوبانەکانی سنوورەکە، هەر ئەمڕۆ توانرا ڕێگەی سەرەکی دارەشمانە-مەرزی کێلێ بە درێژایی 15 کم پاکبکرێتەوە و ڕێگەکە بکرێتەوە..
بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ڕاپەڕین گوتی:ئێستا ڕێگەی مەرزی کێلێ لە دیوی ھەرێمی کوردستان بەتەواوی پاککراوەتەوە و کراوەتەوە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ڕاگەیەنراوەکە هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە ھەر ئەمڕۆ دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین ڕێگەکانی شیوەرەز، دوبێ، سونێ، زەڵێ و شێنێ لە سنوورەکە پاککرانەوە و ڕێگەکان کرانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.