هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا بەڕێز ئۆلیڤیێ دیکوتینیێ کرد و دواین پێشهات و ڕووداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
سیوەیلی بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ پشتیوانیی بەردەوامی گەلی کوردستان و حکوومەتی هەرێم سپاسی گەل و حکوومەتی کۆماری فەرەنسای کرد و دواین قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراقی فیدراڵ و پەیوەندییەکانی نیوان لایەن سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئەو پرۆسەیە بەردەوامە و ئومێدی گەیشتن بە تێگەیشتنی باشتر بۆ داهاتوو هەیە.
بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە پەیوەست بوو بە پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەم قوناغە و ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی کردەوە کە پێویستە هاوسەنگی و هاوبەشی لە دامودەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵ و دامەزراوەکاندا هەبێت تاکوو بتوانێت خزمەت بە تەواوی گەلانی عێراق بکات.
ئۆلیڤیێ دیکوتینیێ، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە کە حکوومەت و وڵاتەکەی لە هاوکاری بۆ گەلانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام دەبن و حکوومەتی فەرەنسا پشتیوانیی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت دەکات تاکوو بتوانن خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییان بکەن و ئاسایش و دەرفەتی یەکسان بۆ تەواوی دانیشتووانی عێراق بڕەخسێنن.
لە میانەی گفتوگۆکاندا پێشهاتەکانی سووریا و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان باس کرا.
هەردوولا نیگەرانیی خۆیان بۆ ئەو ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو و بەردەوامبوونی خستە ڕوو و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان تەواوی دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هەبێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تیرۆر و فەراهەمکردنی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە.
دیکوتینیێ جەختی لە گرنگیی هاوئاهەنگی و تێگەیشتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان و حکوومەت و هاووڵاتییان کردەوە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و داهاتوویەکی گەشتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.