ئەمڕۆ شەممە کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانیی کوێت رایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ عێراق بەشێوەیەکی کاتی ھەڵپەساردووە، ئەوەیش دوای ئەو ھێرشە مووشەکییەی کە دوێنێ ھەینی کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
کۆمپانیای ھێڵی ئاسمانیی کوێت لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نوسیوویەتی: "ھەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بەپێی ئەو رێنمایانەی کە لە لایەن کارگێڕیی گشتیی بۆ فڕۆکەوانی مەدەنی کوێت دەرکراون، گەشتە ئاسمانییەکانمان بۆ عێراق بە شێوەیەکی کاتی، ھەڵپەساردووە".
کۆمپانیای ناوبراو ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بەھۆی رەوشی ئێستا لە عێراق، گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە ھەڵپەساردووە.
راشیگەیاندووە کە لە ماوەکانی داھاتوودا، ھەموو لایەک لە دوایین پێشھات و ئەو رێنمایانە ئاگادار دەکەینەوە کە لە لایەن کارگێڕیی گشتیی بۆ فڕۆکەوانی مەدەنی کوێت-ەوە بڵاو دەکرێنەوە.
دوێنێ ھەینی شەش مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کران کە بەھۆیەوە دوو فڕۆکە زیانیان بەرکەوت.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ھێرشەکە رانەگەیاندووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دوو بەش لەخۆدەگرێت کە یەکێکیان مەدەنیی و ئەوەی دیکەیش سەربازییە کە راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا و ھێزە عێراقییەکان تیایدا جێگیرکراون.
ماوەی چەند مانگێکە، ناوە ناوە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ھێرش دەکرێتە بەشە سەربازییەکەی نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.