Erbil 38°C ھەینی 15 ئایار 04:51

به‌ره‌ڤان حه‌مدی: لەمەودوا که‌سوکاری شەھیدانی شەڕی داعش لە وەزارەتی شەھیدان مووچە وەردەگرن

کوردستان TV
100%

 

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لەمڕۆوه‌ مووچەی شەھیدانی شەڕی داعش لە ڕێگەی بەرێوبەرایەتییە گشتییەکانی وەزارەتی کاروباری شەھیدانەوە لە خەزینەکانی حکوومەت وەردەگیرێت .

بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: لە چوارچێوەی پەیڕەو و ڕێنماییەکانی یاسای چاکسازیدا ھەماھەنگی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی کاروباری شەھیدان و وەزارەتی ناوخۆدا کراوە بە مەبەستی گواستنەوەی دۆسییه‌ی شەھیدان و ڕێکخستنیان لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان.

ڕاشیگه‌یاند: وەک قۆناغی یەکەم دۆسییەی شەھیدانی شەڕی داعش پاش پشکنین و وردبینی و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران گواسترایەوە بۆ وەزارەتی کاروباری شەھیدان بۆ ئەوەی مانگی یەکی ئەمساڵ مووچەیان کە سبەی دابەش دەکرێت، لە بەڕێوبەرایەتییەکانی شەھیدانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک دابەش بکرێت و لەگەڵ کەسوکاری شەھیدان قسە کراوە و لە خەزێنەکانی حکوومەت دابەش دەکرێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بە ھەمان ڕێکاریش بەپێی ڕێنمایی ژمارە (5) دۆسییەی شەھیدانی وەزارەتی ناوخۆش لە دوو ھەفتەی داھاتوودا ڕێکاری پێویستیان بۆ دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لە مانگەکانی داھاتوودا ئەوانیش بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و دۆسییەکانیان ڕێک بخرێت.

بەرەڤان حەمدی ده‌شڵێت: ئەوانەی وەزارەتی پێشمەرگە ھەمووی تەواو بووە و تێبینی لەسەر ھەندێک ھەبووە، ئەوانیش پشکنینیان بۆ کراوە و دەگوازرێنەوە، لە قۆناغی یەکەمدا 69 دۆسییە ماون و ھەزار و 18 گواستراونەتەوە، هه‌روه‌ها ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە دوو ھەفتەی داھاتوودا کاری لەسەر دەکەین و سەرجەم شەھیدان دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و بە ھەمانشێوە شەھیدانی دەزگای ئاسایش ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

به‌ره‌ڤان حەمدی ڕوونیشی کرده‌وە: ھەر وارسی شەھیدێک بۆی ھەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان بکات و لە کاتی بوونی ھەر سکاڵایەک لەسەر شێوازی دابەشکردنی مووچەکەیان، ئەم وارسانە بەپێی یاسای ژمارە 9ی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھیدان لە داھاتوودا لە سنووری وەزاره‌تمان سوودمەند دەبن.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.