Erbil 38°C ھەینی 15 ئایار 01:17

گوتەبێژی پارتی: پشتگیری زۆرمان هه‌یه‌ و هوشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار دەردەچێت

کوردستان TV
100%

 

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پشتگیری زۆرێك له‌ لایه‌نه‌كانمان هه‌یه‌ و پێمانوایه‌ هوشیار زێباری كه‌ كاندیدی كوردستانه‌ له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری عێراقدا ده‌رده‌چێت.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: هەوڵمان دا لە کوردستان پێکەوەبوون هەبێت، بەڵام بەداخەوە هەندێک لەوان ڕایانگەیاند ئۆپۆزسیۆنن و پێویست بە گفتوگۆ ناکات.

ڕاشیگەیاند: یەکێتی وا چۆتە ناو فکریانەوە کە پۆستی سەرکۆمار داتاشراوە بۆ یەکێتی، لە ڕاستیدا ئەو ڕێکەوتنەی لەنێوان کورد و شیعە و سوننەدا کراوە لەبارەی سەرکۆمار ئەوە خراوەتەڕوو کە بۆ کوردە، لەناو کوردیشدا ئەو کەسەی ئەم پۆستە وەردەگرێت پێویستی بە یەکدەنگی و تێگەیشتن و گفتوگۆکردن هەیە. دووپاتیشی کردەوە کە یه‌كێتی ئامادەی گفتوگۆ نەبوون لەمبارەوە وەکو لە ڕاگەیاندنەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد.

جەختیشی کردەوە کە چاوەڕێی ئەو پرۆسە دیموکراسییە دەکەن و پێویستە هەموو لایەکیش قەبووڵی دەرئەنجامەکانی بکات.

لە درێژەی قسەکانیشیدا مەحموود محەمەد گوتی: ئەم دەستوەردانانەی لە سیاسەتی عێراق دەکرێت لە سوودی خەڵکی عێراقدا نییە، پیویستە خودی عێراقییەکان بڕیار بدەن وڵاتەکە چۆن بەڕێوەبچێ، خودی عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە پێویستە هەر سێ پێکهاتەکە حوکمڕانی بکەن ئەگەر وانەبێ شکستی هێناوە.

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، هوشیار زێباری کاندیدی پارتی نییە، بەڵکو کاندیدی کوردستانه‌ و وێنا دەکەین تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ لایەنەکان لێکتێگەیشتنمان هەبێت و پشتگیری کۆمەڵێک لایەنمان هەبێت بۆ دەرچوونی سەرکۆمار.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.