Erbil 38°C پێنجشەممە 14 ئایار 19:05

هێمن هەورامی: رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی پێویستی بە چەندین جۆری ڤاکسین هەیە

ڤاکسینی هەرە گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، رووبەڕووبوونەوەی فکر و بیری توندوتیژییە
کوردستان TV
100%

رێکخراوی سپارک-ی هۆڵەندی بە هەماهەنگیی حکوومەتی هۆڵەندا و هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بۆ داڕشتنەوەی پلانێکی نیشتمانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و توندوتیژی لە کوردستان دەکات.

گفتوگۆکە ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشداریی جێگری کۆنسولی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی سەرۆکایەتی حکوومەت، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک وەزارەتی پەیوەندیدار دەستی پێ کرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت.

لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی ئاماژەی بە ناوەڕۆکی بابەتەکە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ دەرەنجامی گفتوگۆکە دەربڕی و ئامادەیی پەرلەمانی کوردستانی نیشان دا بۆ پاڵپشت و هاوکارییکردنی دەرەنجامی گفتوگۆکە و گوتی:

"وەکو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان، هیواخوازین لەم سێ رۆژەدا و دواتر بە راپۆڕتێک دەرەنجامی کار و چالاکییەکان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، ئەوەندەی پەیوەندی بە بابەتی یاسادانان یان هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پێویست دەکات لە پڕۆسەی چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ بەهێزکردنی گیانی تەبایی و گفتوگۆکردن لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا هەبێت، ئەوا پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە".

هێمن هەورامی گوتیشی: "دەبێت زۆر بەڕوونی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین کە بابەتی توندوتیژی و توندڕەوی بابەتێکی بەردەوامە، ئەگەر ئێمە بەراوردێک بکەین لەنێوان توندڕەوی و تیرۆریزم، ئەو جۆرە پەتایەی کە هەیە و ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە دادەندرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیش پێویستی بە چەندین جۆری ڤاکسین هەیە، ڤاکسینی هەرە گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی، رووبەڕووبوونەوەی فکر و بیری توندوتیژییە، هەموو دامەزراوەکانی پەروەردەکردن چ لە خێزان و چ لە دامەزراوەکانی پەروەردە، دامەزراوە ئایینییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندن، هەموو ئەوانە دەتوانن بەشدارێکی چالاکبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندوتیژیی".

هاوکات رەهێڵ عەزیز قەرەداغی، بەڕێوەبەری رێکخراوی سپارک،  گوتی: "لەم پرۆگرامەدا، ئەم کۆمەڵە شارەزایە کۆدەبنەوە بۆ داڕشتنی بەردی بناغەی ستراتیجییەتی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی بەتایبەت لەناو گەنجان، بێگومان ئەم پڕۆگرامە لەلایەن حکوومەتی هۆڵەندا پاڵپشتی ماددی و مەعنەوەی دەکرێت، لەم چەند رۆژەی داهاتووشدا، ماستەرپلانێک پێشکەش بە چەند وەزارەتێکی حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان دەکەین".

رەهێڵ عەزیز قەرەداغی گوتیشی: "گەنج لەسەدا 50ی دانیشتووان پێکدەهێنن و ئەگەر ئاراستە نەکرێن و سوود لە توانایان وەرنەگیرێت، ئەوا رەنگە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی، بۆیەش پێکەوە دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجییەتێکی هەمەچەشن".

لەبارەی جۆرەکانی توندوتیژی و کارکردن لەسەر کام جۆری توندوتیژی، رەهێڵ عەزیز قەرەداغی گوتی: "جۆرەکانی توندڕەوی وەک توندوتیژیی سیاسیی، ئایدۆلۆجیای ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەموو فۆڕمەکانی تێدایە، بێگومان شێوازەکەی لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە، لێرە باسی هەموو جۆرەکانی دەکرێت و وەزارەتەکان بڕیار دەدەن کە چارەسەرکردنی کامە جۆری توندڕەوی لە ئەولەویەتی کارەکانییان دەبێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.