Erbil 38°C پێنجشەممە 14 ئایار 17:49

ته‌رمی 5 کۆچبه‌ری تری کورد گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان

کوردستان TV
100%

 

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی 5 كۆچبه‌ری كورد كه‌ له‌ ئاوه‌كانی یۆنان خنكابوون، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئامانج ساڵح په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ پێی ڕاگه‌یاندین: ئه‌مشه‌و سێشه‌م ته‌رمی ئه‌و 5 كۆچبه‌ره‌ كورده‌ گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ ئاوه‌كانی یۆنان به‌هۆی وه‌رگه‌ڕانی یه‌خته‌كه‌یان خنكابوون.

ڕاشیگه‌یاند: له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ هه‌وڵه‌كانی فه‌ر‌مانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و دوای په‌یوه‌ندیكردن به‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی یۆنان ته‌رمی 9 كۆچبه‌ری كورد له‌نێو خنكاوانی یه‌خته‌كه‌ی یۆنان دۆزرانه‌وه‌ و ڕۆژی شه‌مووی ڕابردووش ته‌رمی 4 له‌ خنكاوه‌كان گه‌ڕێنرابوونه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی بوون.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌مرۆ سێشه‌میش ته‌رمی 5 هاووڵاتی تر گه‌ڕێنرانه‌وه‌ كه‌ سێیانیان خه‌ڵكی كه‌ركووكن كه‌ پێكهاتوون له‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 9 ساڵان له‌گه‌ڵ دایكی و داپیره‌ی كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی منداڵه‌كه‌یان هه‌وڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپایان دابوو.

په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ دوو ته‌رمه‌كه‌ی تر منداڵن و ته‌مه‌نیان 9 ساڵ و 12 ساڵه‌ و خه‌ڵكی قه‌ڵادزێن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ بڕیاره‌‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و هه‌رسێ ته‌رمه‌كه‌ی كه‌ركووك ببرێنه‌وه‌ شاره‌كانیان و له‌وێ به‌خاك ده‌سپێردرێن و هه‌روه‌ها دوو ته‌رمه‌كه‌ی تریش به‌ره‌و قه‌ڵادزێ به‌ڕێ بكرێن.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.