لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە مەبەستى زیاتر خزمەتکردنى سنوورى قەزای مەخموور و ناوچەکە بە گشتی، بە گوژمەى زیاتر لە (12) ملیار دینار هەردوو پڕۆژەى چاککردن و قیرتاوکردنى ڕێگەى قەرەچووغى بچووک و گەورە لە جێبەجێکردندان.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند: بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى هەردوو پڕۆژە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بەرێوەبەرى گشتیى چاككردنهوه و پاراستنى ڕێگەوبانى ههولێر و بەڕێوەبەرى ناحییەی دیبەگە و بەڕێوەبەران و ئەندازیارانى کۆمپانیاکانى جێبەجێکارى پڕۆژەکە، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەکى تایبەت بە هەردوو پڕۆژەکە ئەنجامدرا.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگارى هەولێر دواى ئەوەى بەدواداچوونى بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکان کرد، جەختی لەسەر خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کردەوە. ئاماژەى بەوەشدا پێویستە لەو ماوەیەى کە دیاریکراوە و لە کاتى خۆیدا پڕۆژەکان بە کۆتا بێت و بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت هیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک لە کارەکاندا بکرێت.
جەختیشی کردەوە "ئامادەین هەرچی پێویستە بۆ هاریکارى و یارمەتى و ئاسانکارى لەپێناو پڕۆژەکە پێشکەشتان بکەین، لەلایەن خۆشمانەوە لە نزیکەوە بە وردی چاودێرى کوالێتى و بەڕێوەچوونى کارەکان دەکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.