ھوشیار زێباری بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق جەختی کردەوە کە بەخێرایی کار لەپێناو پێکھێنانی حکوومەتێک دەکەن کە زۆرترین لایەنی نیشتمانی تێیدا بەشداربێت.
هوشیار زێباری بەربژێری کورد بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکدا لە تەلەڤزیۆنی (العراقیە) ڕایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ سەدر و هاوپەیمانی سیادە زۆر بەهێزە و پشتگیری یەکدی دەکەین. ئاماژەی بەوەشکرد دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بەهۆی پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆک بارزانی و موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی سیادەوە بوو، پەیوەندییەکانمان پتە و و قوڵن، ئەوەشمان لە هیچ لایەک نەشاردۆتەوە.
جەختیشی کردەوە کە "لەگەڵ حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دان کە زۆرترین لایەنی نیشتمانی تێیدا بەشداربێت".
لەبارەی پۆستی سەرکۆماریش ڕایگەیاند: لەدوای مام جەلال پۆست و پێگەی سەرکۆمار تەنها ڕۆڵی تەماشاکەری هەبووە و هیچ پڕۆژەیەکی نەبووە.
هەروەها نیگەرانی خۆی لە ناکۆکی نێوان لایەنە شیعییەکان دەربڕی و گوتی: ئێمە نیگەرانین لەو ناکۆکییانە، ئامانجیشمان ئەوەیە گرژی و بەریەکەوتن لەنێوان شیعەکان ڕوونەدات و هەوڵەکانیشمان بەردەوامن بۆ ئەوە و وەڵامی ئەرێنیشیان هەیە بۆمان.
لەبارەی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار دووپاتی کردەوە بەردەوام دەبن و دەتوانین ڕێژەی یاساییش تەواو بکەن بۆ دانیشتنی ڕۆژی 7ی مانگ.
دووپاتیشی کردەوە کە بەپێی کاتی دەستووری لە بەرژەوەندی عێراق مامەڵەمان کردووە، نەمانویستووە حکوومەت و پرۆسەی سیاسی عێراق بوەستێت و ویستوومانە پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.