Erbil 38°C ھەینی 13 شوبات 04:03

وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ھاوتا سعوودیەکەی ئەنجامدا

کوردستان TV
100%


 وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان، تاوتوێی دانوستانەکانی نێوان سعوودیە و ئێرانی کرد.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن و بن فەرحان لە میانی پەیوەندییەکەدا ھۆکارەکانی دواکەوتنی ئەنجامدانی گەڕی پێنجەمی دانوستانەکانی تاران-ریازیان تاوتوێ کردووە و بیروڕایان لەسەر ئەم پرسە گۆڕیوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق ھەموو ھەوڵەکانی دەخاتە گەڕ و سەرجەم پەیوەندییەکانی بۆ درووستکردنی دەرفەتێکی گونجاو بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و ریاز بەکاردەھێنێت.
دانوستانەکانی نێوان ریاز و تاران مەبەستی کۆتایی ھێنان بەو گرژییانەی کە ماوەی شەش ساڵە لە نێو ھەردوو وڵاتدا بەردەوامە بەڕێوەدچێت.
عێراق، مێواندارێتی چوار گەڕی دانوستانی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی سعوودیە و ئێرانی کردووە و دوا کۆبوونەوەش لە مانگی ئەیلوولی رابردوو بەڕێوەچوو.
شەڕی یەمەن و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران خاڵە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.