وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە سنووری میحوەرەکانی 5 و 6 بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، جەختیشی کردەوە کە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە کێوماڵکردنی ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی بوو.
شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی هاوبەش لەنێوان فەرماندە سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەپێناو نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی، کات 10:00ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لە سنووری شارەدێی سەرگەڕان باکوور و ڕۆژهەڵاتی چیای قەرەچووغ بەڕێوە چوو".
ئەوەشی خستەڕوو "لە هێزەکانی پێشمەرگە میحوەرەکانی 5 و 6 و لیواکانی پیادەی (2، 10، 14، 18)، بەتالیۆنی کۆماندۆ لەگەڵ هەردوو یەکەی تایبەتی میحورەکانی 5 و 6، لە هێزەکانی سوپای عێراقیش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک (بارەگای پێشکەوتوو) بەشدارییان تێدا کرد".
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە کێوماڵکردنی ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی بوو کە دەکەونە سنووری شارەدێی سەرگەڕان، پەلکانە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی چیای قەرەچووخ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.