Erbil 38°C شەممە 09 ئایار 23:18

حکوومەتی هەرێم بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیماننامەی عەرەبی سەر بە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات

کوردستان TV
100%

 

بڕیاره‌ لە رۆژانی 14 و 15ی شوباتی 2022 کۆبوونەوەکانی گفتوگۆی راپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە بارەگای كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە بە بەشداری شاندێكی حكوومەتی ئیتیحادی و حکوومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت.

لەو گفتوگۆیانەدا شاندی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراقدا بەشدار دەبێت، بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئەو پێشکەوتنانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەدی هاتوون و وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردانەی ئاڕاستەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێن.

لەبارەی رۆڵی حکوومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانە  د. دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردەی نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: لە ساڵانی ڕابردوودا حکوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی شاندی كۆماری عێراق و لە میانەی ئەندامبوونی لە لیژنەی نیشتمانیی نووسینەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەو ڕێكەوتننامانەی كە عێراق تێیاندا ئەندامە و پەیوەستن بە مافی مرۆڤەوە، بەشداربووە لە گفتوگۆکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبیدا.

سەبارەت بە گرینگیی بەشداریی هەرێم لە گفتوگۆی ڕاپۆرتی عێراق تایبەت بە پەیماننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤی سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە کرد کە بەشداریی هەرێم گرینگی خۆی هەیە لە ڕووی  نیشاندانی پابەندبوونەكانی حکوومەتی هەرێم بە پرەنسیپەکانی پەیماننامەی عەرەبی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، چونکە حکوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە لەو رووەوە، لەوانەش پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ كە بە پاڵپشتی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە  بە بەشداریی گشت دامودەزگاکانی هەرێم و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

 پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەبێتە میكانیزمێكی نوێی كاركردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان و ئەو راسپاردانەی ئاراستەی حكوومەتی هەرێم دەكرێن لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەیەكگرتووەكان و  پەیماننامەی مافەكانی مرۆڤ سەر بە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی.

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.