هونەری مۆسیقا و گۆرانی مێژوویەكی كۆن و دێرینی هەیە و،به بەشێكی گرنگی هونەری نەتەوەكەمان داده‌نرێت، ئەم هونەرە لەگەڵ بەرەوپێش چوونی كۆمه‌ڵ، گۆڕانی بە خۆوە بینیوه ، كاراكتەری ئەم بەشە زیندووەی هونەری مۆسیقا‌و گۆرانی ( گۆرانیبێژ ، خۆشخوان و ژەنیار و شاعیر و ئاوازدانەر) ە كە هەرهەموویان وابەستەن بەیەكەوەو بەردەوام ئاوێتەی یەكتر بوون، لەپێناو خوڵقاندنی بەرهەمی نوێ و دانانی كاریگه‌ر له‌لای بیسه‌ر و گوێگر .
هەرچەندە نەتەوەی كورد وەك هەرنەتەوەیەكی تر خاوەنی هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مۆسیقاژه‌نی لێهاتوو بەتوانایە و هەمیشە خۆبەخشانە كاریان كردووە و لە خەمی پاراستن و بەرەوپێش بردنی هونەری مۆسیقا و گۆرانیدا بوون ، بەڵام بەداخەوە هونەر لەنێو نەتەوەی كوردا تا ئێستا نەبۆتە پیشە تابتوانرێت بژێوی ژیانی هونەرمەند بەگشتی دابین بكات و ته‌نها خۆی بۆ هونه‌ره‌كه‌ی ته‌رخان بكات.
هونەرمەندانی كورد لە هەموو بوارەكانی هونەردا بەگشتی بە دڵسۆزیی و عەشقێكی پاكەوە لە خزمەتی هونەری نەتەوەكەیاندا بوون ، بەڵام سه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریی و ههورازو نشێوه‌كانی بازاڕه جهنجاڵهكهی ژیان و كەم دەرامەتی و دەست تەنگی هۆكاربووە كە هونەرمەند نەتوانێت هەموو ژیان و كاتەكانی تەرخان بكات بۆ گەشە پێدانی هونەرەكەی ، بەڵام جێگەی خۆشحاڵیە هونەرمەندی كورد تائەو جێگەیەی دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت كەم تەرخەم نەبووە و هەمیشە لەخزمەتی هونەرەكەیدا بووە و كاری بۆ كردووە.
یەكێك لەو هونەرمەندانەی ناوچه‌ی موكریان، كە جیا لە بەهرەی دەنگخۆشیهكهی، بەڵكو خاوەنی چەندین خەسڵەتی جوانی هونەرییە ، وەك ( گۆرانیبێژ ، میوزیكژەن ، ئاوازدانه‌ر، شێوەكار و ده‌ست ڕه‌نگینی له دروستكردنی ئامێرەكانی میوزیك ( عود و سه‌نتوور).
ئەو خۆشخوان و بەهرەمەندە دەست ڕەنگینە هونەرمەند
( محەمەد دانش ) ه.
محه‌مه‌د دانش ی هونه‌رمه‌ند زاده‌ی ناوچه‌یه‌كی به‌نرخ و به‌پیت و ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك موكریان و شاره شیرین و كوردپه‌روه‌ره‌كه‌ی ( مه‌هاباد) و نه‌وه‌ی ( قادری عه‌بدوڵڵا تۆقه) تارژه‌نی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) بێ و هاوڕێی و هاوه‌ڵی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی قه‌تار و به‌سته‌ی ڕه‌سه‌نی كوردی ( محه‌مه‌دی ماملێ ) و هونه‌رمه‌ندان ( سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی و خه‌لیلی سه‌دیقی وعه‌زیز شارۆخ و قادری سه‌یاحی و قوتابی هونه‌رمه‌ند جه‌عفه‌ری مینایی ژه‌نیاری ڤیۆلۆن ) بووبێت، بێگومان كه خۆشخوان و هونه‌رمه‌ندێكی به‌سه‌لیقه‌و دڵسۆز بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كه‌وێت، هونه‌رمه‌ند له‌نێو ژینگه‌ی جوانی شارهكهیی و ده‌نگ وسۆزو چریكه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌وه و ده‌ست و په‌نجه‌ی ساز‌و تارژه‌نینی هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌كه‌ی كه‌ڵكی لێوه‌رگرتوون و خۆشی ئه‌و به‌هره هونه‌رییه له‌ناخ و هه‌ستیدا هه‌بووه، كه بێته مه‌یدانی هونه‌ر و خزمه‌ت به مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات.
هونه‌رمه‌ندی شاری مه‌هاباد ( محه‌مه‌د خه‌لیل قادر ) ناسراو به ( محه‌مه‌د دانش) ی ده‌نگبێژ و عودژه‌ن، وشه‌ی دانش كه‌بۆته پاشگری ناوهكهیی و نازناوی هونه‌ری له كوردستاندا ، ئه‌و وشه‌یه به‌واتای ( زانست) دێت.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1945) له‌گه‌ڕه‌كی ( سه‌ربه‌رداش) ی شاری مه‌هاباد چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه. به‌رله‌وه‌ی ڕۆبچینه نێو دنیای هونه‌ری خۆشخوانی و ژیانی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش، به‌پێویستی ده‌زانم كه به‌رچاو ڕوونی بخه‌مه بهردییهی خوێنه‌ری خۆشه‌ویست سه‌باره‌ت به باپیری هونه‌رمه‌ند ( قادری عه‌بدوڵڵا تۆقه ) كه هونه‌رمه‌ندێكی زۆر كارامه‌و لێهاتوو بووه له ژه‌نینی ئامێری ( تار)، ئه‌و توانا‌و به‌هره‌یه‌ی له ژه‌نینی ئامێری تار دا گوێگر و ئاماده‌بووانی سه‌رمه‌ست كردووه ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا باپیری هونه‌رمه‌ند ده‌بێت كێ بوو بێ به‌ڕێنوێنی و هانده‌ر و ڕێنیشانده‌ری ( قادر عه‌بدوڵڵا) ی باپیری محه‌مه‌د دانش ، تا ببێته ئه‌و ژه‌نیاره به‌ناوبانگه، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ده‌ڵێت ( باوكی دایكم ، واته باپیری خۆم به‌نێوی ( قادر ئه‌ولیا) كهبهعارفی ناسراوه ، له‌زه‌مانی ( ڕه‌زا خانی په‌هله‌وی) كه ئه‌و كاته ( قه‌ره‌په‌پاغ) ه‌كان له‌ڕووسیا دوورخراونه‌ته‌وه ، بۆ ( محه‌مه‌د یاری نه‌غه‌ده) هێناویانن، موزیكژهنێكیان به‌ناوی ( ئهندرۆڤ) له‌گه‌ڵدا بووه ، ئامێری ( تاری قه‌وقازی) ژه‌ندووه، میرزا حاكمی سه‌رداری ، ماوه‌یه‌ك ئه‌و قادر ئه‌ولیا تارژه‌نه بۆ لای ( ئهندرۆڤ) ی تارژه‌ن ناردووه ، بۆئه‌وه‌ی جوانتر فێرببێ و وه‌ستایانه‌تر ئامێری تار بژه‌نێ ، دواتر لای ئه‌و ژه‌نینی تاری قه‌وقازیش فێربووه ) (1)
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌و دیداره‌دا كه باپیری واته باوكی دایكی به ( قادر ئه‌ولیا) ناوبردووه و خۆشم له‌نزیكه‌وه كه‌له هونه‌رمه‌ندم بیستووه به ( قادری عه‌بدوڵڵا تۆقه) ناوی بردووه دیاره هه‌ردوو ناوه‌كه درووسته ، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی سییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌گه‌شتێك هونه‌رمه‌ند ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) ده‌چێته شاری مههابادو ئاهه‌نگ سازده‌كات ، كاك ( محه‌مه‌دی حه‌مه باقی ) سه‌باره‌ت به‌و سه‌ردانه بۆمان باس ده‌كات( لەساڵی ( 1932) هونەرمەندی گەورەو دەنگ زوڵاڵ ( سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی ) لەشاری سنەی ناوچەی ئەردەڵان بەگەشتێك ڕوودەكاتە ناوچەی موكریان و لەشاری مەهاباد بۆ ماوەی (40) ڕۆژ دەمێنێتەوە، سەیدعەلی ئەسغەری كوردستانی لەهاوینی ئەو ساڵەدا لەباخی ( میرزا شەریفی حاجی ڕەشید ) بەدەنگە خۆشەكەی گۆرانی بۆ خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت و تەواوی چین و توێژەكانی ئەو شارە خوێندووە ،قادری عەبدوڵا تۆقە ئەوندە شارەزاو لێزان و بەتوانا بووە بە تارەكەی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی گوێبیستی دەنگی سەید ئەسغەری كردووە ) (2)
به‌نده ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌م له‌ڕێی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیه‌وه ، به‌تایبه‌تی گۆرانی ( ئه‌میره‌كه‌م و غه‌ریب غه‌ریب ) و چهندگۆرانییهكهیهوه كه به‌كاسێت ده‌ستم كه‌وتبوو، به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی ئاشنابووم ، به‌ختیشم باشی هێنا كه له دووكاتی جیاواز له‌نزیكه‌وه به‌دیداری شاد ببم و دیداری له‌گه‌ڵدا سازبكه‌م و چه‌ند زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به‌ژیانی هونه‌ری و چۆنیه‌تی دووباره‌كردنه‌وه‌ی گۆرانی ( ئه‌میره‌كه‌م) كه بۆیه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند ( فوئاد ئه‌حمه‌د) خوێندبووی، دیداری یه‌كه‌مم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ، له‌سه‌رتاشخانه‌ی ڕه‌زازی له‌شاری سلێمانی له‌ڕێكه‌وتی ( 16/1/2002) دوای سه‌رتاشین و جوانكردنی قژی چهندپرسیارێكم لێ‌كرد، دیداری دووه‌مم ، حه‌وت ساڵ دواتر له‌شاری هه‌ولێر له‌ڕێكه‌وتی ( 25/11/2009) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ئازاد قه‌ره‌داخی ) و هونه‌ردۆست ( تاهیر كرمانج) له‌و دوو دیداره‌دا باسی هه‌ندێك له‌كاره هونه‌رییه‌كانی و پێوه‌ندی خۆیی و هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی و خۆشحاڵی به‌و سه‌ردان و بانگهێشتنانهی بۆ باشووری كوردستان بۆ كردین.
هونه‌رمه‌ند له‌شاری مه‌هاباد ده‌خرێته به‌رخوێندن و له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی د‌رك به ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند ده‌كرێت و له‌لایه‌ن مامۆستای هونه‌ره‌وه پشتیوانی لێده‌كرێت و به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی سروود و گۆرانی پێدهخوێنێ و له‌نێو هاوڕێ قوتابییه‌كانی بهمنداڵیكی ده‌نگخۆشیی قوتابخانه‌كه‌ی ناو ده‌رده‌كات ، ده‌سپێكی كاری هونەری محه‌مه‌د دانش دەگەڕێتەوە بۆ پۆلی سێی سەرەتایی ، لەلایەن مامۆستای سروود و هونه‌ری قوتابخانەكەی داوای لێدەكرێت كە سروود و گۆرانی بخوێنێ ، دانشی هونەرمەند بەدەنگە خۆشەكەی لەمەراسیم و یادو چالاكیە هونەرییەكانی قوتابخانەكەی بە خوێندنی گۆرانی و سروود بەشداری كردووە.
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی ، درێژه به‌خوێندن ده‌دات و قۆناغی ناوه‌ندیش ته‌واو ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند كاتێك له‌قۆناغی ناوه‌ندی ده‌خوێنێ ، له لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه وه ئیزگه‌یه‌كی( بێسم ) له‌شاری مه‌هاباد داده‌نرێت، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی و بیوك خانباغی) سه‌رپه‌رشتاری ئه‌و ئیزگه ناوچه‌ییه ده‌بن ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ڕووده‌كاته ئه‌و ئیزگهیهو له‌بڵندگۆی ئه‌و ئیزگه‌یه‌وه ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌شاری مه‌هاباد دا بڵاوده‌بێته‌وه .
هونه‌رمه‌ند دوای تەواكردنی خوێندن، واته تاپۆلی سێیه‌می ناوه‌ندی ده‌خوێنی و ده‌ستبه‌ردای خوێندن ده‌بێت ، به‌ڵام بەرەو جیهانی هونەری مۆسیقا و گۆرانی هەنگاو هەڵدەگرێت و ، هونەرمەندانی بەتواناو دەنگخۆش و هونەری ڕەسەن و هەروەها سرووشتە جوانەكەی مەهاباد كاریگەریەكی زۆر لەسەر محەمەد دانش دادەنێن و كە زۆرتر لە دنیای هونەر نزیك بێتەوە.
_ لێم پرسی ههنگاونانتان بۆ نێو دنیای هونه‌ر و له‌سه‌ره‌تادا كاریگه‌ری كێتان له‌سه‌ر بوو؟
لهوهڵامداهونهرمهند ئاماژه‌ی پێدا، من به‌هۆی بنهماڵهكهمهوه كهباپیرم تارژه‌نێكی به‌ناوبانگی شاری مه‌هاباد و له‌كاتی هاتنی سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی بۆشاری مه‌هاباد باپیرم هاوكاری بووه و تاری بۆ ژه‌نیوه، ئه‌وه له‌لایه‌ك ، لایه‌نێكی دیكه ، پێش ئه‌وه‌ی بچمه ڕادیۆی مه‌هاباد، كاریگه‌ری ڕادیۆی كوردی به‌غدا كه من خۆم بهقهرزباری ئه‌و ڕادیۆیه ده‌زانم و گوێگرێكی به‌رده‌وامی ڕادیۆی كوردی به‌غدا و له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه ئاشنابووم به‌ده‌نگی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره له‌باشووری كوردستان، بۆنموونه له‌وكاته‌وه گوێگری بووم كه‌به‌یانیان په‌خشی ئه‌و ڕادیۆیه ئارمهكهی ( قاسپه قاسپی كه‌و) بوو ، كه‌ده‌ڵێم قه‌رزارباری ئه‌و ڕادیۆیه‌م چونكه ئاشنای ده‌نگ و هونه‌ری گه‌وره‌ی ئه‌و مامۆستایانهبووم و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر داناوم ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، تایه‌ر تۆفیق ، سێوه ،شه‌ماڵ سائیب ، باكووری ، حسێن عه‌لی ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی ، كه‌ریم كابان ، محه‌مه‌د ساڵه‌ح دیلان ، فوئاد ئه‌حمه‌د وجه‌لال كۆچه‌ر و ...تاد )
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌ساڵی (1963) ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوو ( فاتیمه) پێكدێنێ و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه (10) ده كچ و كوڕه، له‌نێو جگهرگۆشهكانیدا كچ و كوڕێكی ده‌نگیان خۆشه‌و توانای گۆرانی خوێندنیان هه‌یه و ، كوڕه‌كه‌ی جیا له به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی شاره‌زایی باشیی هه‌یه له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی ( ڤیۆلۆن ، عود و ئۆرگ) .
دوای ئه‌وه‌ی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد له‌ساڵی (1971) له‌شاری مه‌هاباد داده‌مه‌زرێت، له‌م ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنه نوێه ، هونه‌رمه‌ند (سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی) سه‌رپه‌رشتی ده‌كات و هونه‌رمه‌ند (بیوك خانباغی) وه‌ك كارمه‌ند دادهمهزرێـت، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی و گه‌شه‌پێدانی هونه‌ره‌كه‌ی ، له ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد وه‌ك كارمه‌ند داده‌مه‌زرێت ،
ئه‌م هونه‌رمه‌نده فره به‌هره و ده‌ست ڕه‌نگینه( شێوه‌كار ، عود ژه‌ن ، گۆرانیبێژ ، دروستكه‌ری ئامێری عود و سه‌نتوور ، فیته‌ری ئۆتۆمبێل ) ماوه‌ی (27 ) ساڵ له‌و ئیزگه‌یه درێژه بهكاردهدات و كاره هونه‌رییه‌كانیشی پێش ده‌خات ،هونه‌رمه‌ند لهئیزگهو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ، له‌ساڵی (1971) ده‌ست به‌تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی ده‌كات ، یه‌كه‌م كاری تۆماركردنی مه‌قامێكه به‌ناوی ( براگیان) و له‌و مه‌قامه‌دا هونه‌رمه‌ند ئامێری عود ده‌ژه‌نێ ، دووه‌م كاری گۆرانییه‌كه به‌ناوی ( مه‌له‌نگێنه) و سێیه‌م گۆرانی كه‌بۆته هۆی ناساندنی له‌نێو خه‌ڵكیدا گۆرانی ( ئه‌میره‌كه‌م) بووه .
سه‌باره‌ت به‌گۆرانی ( ئه‌میره‌كه‌م) لێم پرسیی چۆن بڕیارت دا كه ئه‌و گۆرانییه بڵێیته‌وه، كاتێك هونه‌رمه‌ند ( فوئاد ئه‌حمه‌د) زۆربه‌جوانی و ئه‌دایه‌كی شیرین و پڕچێژ خوێندوویه‌تی ؟!
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش : ( كاتێك بۆیەكەم جار گوێبیستی ئەو گۆرانیە بووم ، هونەرمەند فوئادئەحمەد ئەوەندە بەهەست و شەوقەوە ئەو گۆرانیەی خوێندبوو ، هۆنراوەكەی ، ئاوازەكەی و دەنگی ئەو هونەرمەندە كاریگەرییەكی زۆری لەسەرم دانا و بڕیارمدا منیش بەشێوازی خۆم جارێكی تر بیخوێنمەوە و لەیەكێك لەبەرهەمەكانمدا بڵاوی بكەمەوە، ئه‌وه‌بوو ئه‌و كاره‌م كرد و بڵاوبۆوه‌و پێی ناسرام، ئیدی ئه‌وه خه‌ڵكه ئازیزهكهیه بڕیارده‌ده‌ن كه چۆنم خوێندووه، خۆم ده‌ڵێم زۆرباشم خوێندووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند فوئاد ئه‌حمه‌د دا خوێندوومه حه‌تمه‌ن باشم خوێندووه)
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به گۆرانی ( ئه‌میره‌كه‌م ) بده‌م ، تێكستی ئه‌و گۆرانییه هی مامۆستا و شاعیری كوردپه‌روه‌ر ( مه‌جید ئاسنگه‌ر 1932_ 2012) ، ئاوازی هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن و فۆتۆگرافه‌ر ( جه‌مال داوود 1929_18/1/2013) و خوێندنی هونه‌رمه‌ند ( فوئاد ئه‌حمه‌د 1932_ 17/8/2004).
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی خۆڕسك و كاریگه‌ری بنه‌ماڵه‌و ده‌وروبه‌رو ژینگه‌كه‌ی بووه كه‌تێدا ژیاوه‌و گه‌شه‌ی كردووه ، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن به‌ئامێری عوود ئاشنا بووه‌و و لای كێ فێربووه؟
هونه‌رمه‌ند له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) دا باس له‌وه ده‌كات كه‌له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه چی پێوتراوه و چۆن خۆی فێری ئه‌و ئامێره كردووه، ( به‌رله‌وه‌ی بچمه ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد، خولیای ده‌نگ و باسی ئامێری عوود بووم ، كاتێك چوومه ئیزگه عوودێكم له مامۆستا ( ئه‌نیسی) كارمه‌ندی ئیزگه كڕی به (600) تمه‌ن ، مووچه‌ی دوو مانگی ئیزگهم به عوود دا ، كاتێك بردمه ماڵه‌وه هاوسه‌ره‌كه‌م چوو بانگی نه‌نكمی كرد و گوتی : دایه خانم واته ( ژنی قادری عه‌بدوڵڵا تۆقه‌ی تارژه‌ن) فه‌رموو ئه‌وه میرزا محه‌مه‌د بۆته چاوه‌ش .! كه‌چی نه‌نكم گوتی : هه‌ی له‌به‌ر ئه‌و ده‌ست و پهنجهیهت بمرم ، هه‌ربه‌ده‌ست و په‌نجه‌ی میرزا قادر ده‌چێ ، ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌نكم بۆ من فه‌رامۆشیی بوو و ، دواتر ماچی كردم و ئه‌وه‌نده‌ی تر له‌سه‌ر ئه‌و كاره گه‌رمی كردم ،
دواتر چوومه ( كڵاس _ خول) ی ئاغای( جه‌عفه‌ری مینایی) بۆ فێربوونی مۆسیقا مانگی به‌رامبه‌ر ( 30) هه‌زار تومه‌ن، ئه‌مه ساڵی ( 1348 ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر ( 1969ی زانینی) ئه‌و مامۆستای فێركردنی ئامێری ( كه‌مان) بوو ، ئه‌وان چه‌ن برایه‌كن هه‌موویان كلاسیان هه‌یه‌و كه‌مان ده‌ژه‌نن و خه‌ڵكی فێره ژه‌نینی ئه‌و ئامێره ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی ساڵێك لای ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌سه‌ر فێربوونی موزیك به‌رده‌وام بووم ، تا ڕه‌زمی (6/8) م خوێند! وانه‌ی ( نۆت) ی پێ ده‌گووتین، به‌ڵام سۆڵفێژم نه‌خوێند ، هه‌رئه‌و ساڵه به‌شداری كلاسی فێربوونم كرد و دواتر له‌ماڵه‌وه پرۆڤه‌م ده‌كرد) (3)
كاتێك كه‌باسی ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ده‌كرێت ، نابێت ڕۆڵ و ئه‌رك و ماندووبوون و لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند( سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی) له‌به‌رچاو نه‌گرین كه چ ئهكێكی كێشاوه له خزمه‌تكردن به هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و زمانی شیرینی كوردی و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌ی موكریان ، به‌رله‌وه‌ی ئیزگه و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد دابمه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی چونكه خۆی كارمه‌ند و بێژه‌ری به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ( ورمێ ) بووه، بهههوڵێ دڵسۆزانه‌ی خۆی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌ی موكریانی بردۆته ته‌له‌فزیۆنی ورمێ و گۆرانیان تۆماركردووه، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ، هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی چالاكانه‌تر كاری كردووه له‌پێناو گه‌شه‌كردنی ئه‌و ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنه، خۆی بێژه‌ر بووه و ئاماده‌كاری به‌رنامه بووه ، ڕۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه له به‌رنامه‌ی ( چیرۆكی شه‌و) دا كه‌یه‌كێك بووه له‌به‌رنامه باش و پرچێژهكانی ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆن ، هونه‌رمه‌ند سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی به‌رنامه‌ی چیرۆكی شه‌وی به‌هاوكاری ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه بردووه به‌ڕێوه (په‌رته‌ویان ، ڕه‌حیمی ئیعزازی ، حوسێنی كهفاشیی ، به‌همه‌نی مه‌تلوب ، عه‌لی خزری ، حوسێنی ڕه‌هبه‌ر ، حه‌سه‌ن شه‌ریفی ، ستاره چیتیان و بیوك خانباغی ) ، له‌وسه‌روبه‌نده‌دا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش كارمه‌ندی ڕادیۆو ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد بووه‌و شاره‌زایی له ژه‌نینی ئامێری عوود دا په‌یدا كردووه ، هاوكات تیپێكی مۆسیقالهڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد درووستبووه و زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری مه‌هاباد و ناوچه‌ی موكریان له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه مۆسیقیهدا به‌رهه‌مه‌كانیان تۆماركردووه ، وه‌ك ( محه‌مه‌دی ماملێ ، عه‌زیز شارۆخ ، قادری سه‌یاحی ، ئه‌حمه‌دی ئیسلامی ، ڕه‌شیدخانی فه‌یزی نه‌ژاد، ئیسماعیلی شاهی ، مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵازاده، سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی و كامه‌رانی مه‌ته‌ری و جه‌مالی مفتی....تاد) ، .هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌ئاهه‌نگ و تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی خۆیدا ئامێری عوودی ژه‌نیوه‌و شاره‌زایی په‌یداكردووه و ، ده‌بێته ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆن،ئه‌ندامانی تیپی ئۆركێستی ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆن بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه، به‌ده‌ست و په‌نجه جوانه‌كانیان خزمه‌تێكی زۆرییان به هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان كردووه ..
1/ قادری سه‌یاحی ( كلارنێت ) و ( گۆرانیبێژ)
2/ عه‌زیزی عابید ( فلوت)
3/ فاروفی مه‌تین ( سه‌نتوور )
4 / یوسفی ڕه‌بیعی ( سه‌نتوور )
5/ ڕه‌شید خانی فه‌یزی نه‌ژاد ( كه‌مان)
6/ سمایلی شاهین ( قانوون ، ئۆكۆردیۆن و پیانۆ )
7/ به‌همه‌نی مه‌تڵوب ( تار)
8/ محه‌مه‌دی ساڵحی ( كه‌مان)
9/ مه‌حمود بلوور (عوود) ئه‌م هونه‌رمه‌نده ( نابینابووه)
10/ محه‌مه‌د دانش ( عوود)
11/ حوسێنی ڕه‌هبه‌ر ( زه‌ڕب) ( 4)
دانشی هونه‌رمه‌ند و فره به‌هره، وه‌ك ژه‌نیارێك له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی، به‌شداری ده‌كات له به‌رنامه‌ی ( شه‌وی یه‌ڵدا) كه‌له ساڵی (1979) لە ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ، به‌به‌شداری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( محه‌مه‌دی ماملێ ، مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵا زاده‌و عه‌زیز شارۆخ) و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه هونه‌رمه‌ند سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی به‌ڕێوه‌چووه،ئه‌م هونه‌رمه‌نده ژهنیارانهش به‌ده‌ست و پهنجهجوانهكانیان به‌رنامه‌كه‌یان ڕازاندۆته‌وه:
1/ ڕه‌شید خانی فه‌یزنه‌ژاد (سەرۆکی بەشی موزیک و ژەنیاری ڤیوڵۆن یا کەمان)
2/ محه‌مه‌د دانش (ژەنیاری عود)
3به‌همه‌نی مه‌تلوب (ژەنیاری تار)
4 /فاروقی مه‌تین (ژەنیاری سەنتور)
5/ حوسێنی ڕه‌هبه‌ر (ژەنیاری تەپڵ/ زەرب)
6/ بیوك خانباغی (شانۆکار و قسەخۆش) (5)
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش، جیا له‌و كاره هونهرییهكانییهی كه‌له ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد تۆماری كردووه كه نزیكه‌ی (70) گۆرانی بووه ، به‌شداری له‌چه‌ندین شه‌و ئاهه‌نگدا به‌ژه‌نینی ئامێری عود و به‌چڕینی گۆرانی ، یه‌كێك له‌و ئاهه‌نگه خۆش و پڕ یاده‌وه‌رییه، زەماوەندی یەكێك لە كوڕەكانی هونەرمەندی كۆچكردوو( خەلیلی صدیقی ) یه له‌ساڵی ( 1976) لەماڵی ( كەریمی تەڵایی ) تۆماركراوە ، لەو ئاهەنگەشدا هونەرمەند ( ناسری ڕەزازی ) لەگەڵ هونەرمەند ( محەمەدی ماملێ ) چەند گۆرانیەك بەیەكەوە تۆماردەكەن و تائەمڕۆش ئەو ئاهەنگە وەك ئەرشیف ماوە ، جیا لەبەشداریكردنی هونه‌رمه‌ند محەمەد دانش بەژەنینی ئامێری عوود ، دوو گۆرانیش دەخوێنێ ، گۆرانیەكان بەنێوی ( ئەمیرەكەم و ڤینۆس ).
هونه‌رمه‌ند له‌و كاته‌وه‌ی به ئامێری عوود ئاشنا بووه و خۆشه‌ویستییه‌ك له‌نێوان خۆیی و ئه‌و ئامێره‌دا درووست بووه، هه‌رئه‌و خۆشه‌ویستیه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه هونه‌رمه‌ند به‌عیشقه‌وه له عوود بڕوانێ و ده‌ست بداته دروستكردنی ، له‌سه‌ره‌تاوه تا ئه‌و كاته‌ی كه‌باری ته‌ندروستی ڕێگه‌ی پێنادات (10 بۆ 15) ئامێری عوودی درووستكردووه.
گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ..!
هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ، خاوه‌نی ده‌نگێكی جوان و پاراوی كوردی و پڕ له‌هه‌ست و سۆزی مۆسیقا‌و هونه‌ره‌كه‌ی ڕه‌سه‌نایه‌تیان لێده‌چۆڕێ و، ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بۆنهتهوهكهی بووه‌و ، له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا گه‌لێك به‌رهه‌می ناوازه‌و پڕ چێژی هونه‌ری تۆماركردوه‌و خستویه‌تییه سهرخهمانی گه‌نجینه‌ی مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی ، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌سه‌ره‌تاوه له‌ژێركاریگه‌ری ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی باشووردا بووه كهلهریگهی رادیۆی كوردی به‌غداوه گوێبیستیان بووه و ، گۆرانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی دووپاته كردۆته‌وه به ئه‌داو شێوازی ده‌نگ و گه‌رووه هونه‌رییه‌كه‌ی خۆیی، وه له‌لایه‌ن زۆرێك لههونهرمهندانهوه ئاوازی بۆدانراوه وه‌ك ( شاهبازی شاهێن پوور ، ڕامینی یوسفی ، سمایلی شاهی ، تاهیری میر سه‌یدی و په‌یمانی فه‌یزیابی و به‌همه‌نی مه‌تڵوب و هاشمی ڕهشادهتی ) (6)
هه‌روه‌ها هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی له‌ئاوازی خۆی بوون، ناودارترین گۆرانییه‌كانی بریتی بوون له ( جه‌ژنانه‌كه‌م ، بڕوات بێ نازداره‌كه‌م ، من هه‌ڵه‌بووم ، ئه‌مبه‌ره‌و به‌ره، ڤینۆسی یان شیرینی ، سرووه‌ی به‌یان ، قیبله‌ی دونیا و دین ، غه‌ریب غه‌ریب، ئه‌میره‌كه‌م ، مه‌له‌نگێنه، كاتی به‌یانه ، پێشكه‌شت بێ ژیانم ، نه‌جیبه، به‌ڵێن ، بوكی دڵان ، هه‌سته هه‌سته كیژی جوان ، باخچه‌ی ئاوات ، دڵم مه‌ستی ، ئاواتی ژین و په‌پوله‌ی خه‌یاڵ( مه‌قام ) ، ئه‌ی كیژی جوان ( مه‌قام) و چه‌ندینی تر ) وه‌له‌م ساڵانه‌ی دوایی چه‌ند گۆرانی و سرود و مناجاتی ئایینی تۆماركردووه( تاسه‌ی گه‌یشتن به‌ماڵی خودا ، گوڵزارێكی چ ڕه‌نگینه و شه‌وم لێداهات) .
له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) ی باشووری كوردستان و كرانه‌وه‌ی سنووری ده‌ستكردی نێوان ڕۆژهه‌ڵات و باشوور ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه له‌شاری هه‌ولێر و سلێمانی بانگهێشت كراوه‌و دیداری هونه‌ری له‌گه‌ڵدا سازكراوه‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رنامانه‌وه ده‌نگ و هونه‌ره شیرینه‌كه‌ی به گوێگر و بینه‌ران له‌باشووری كوردستان گه‌یاندووه.
له‌دیداری دووه‌مدا له‌ساڵی (2009) له‌هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش م پرسیی ، سه‌باره‌ت به‌پێوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان له‌ڕۆژهه‌ڵات و باشووردا چۆنه به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ( محه‌مه‌دی ماملێ ) به‌تایبه‌تی ،
له‌وه‌ڵامدا ووتی ( خۆم بهچوكی ته‌واوی هونه‌رمه‌ندان ده‌زانم و بێ جیاكردنه‌وه هه‌رهه‌موویانم خۆش ده‌وێ و ڕێزیان لێده‌گرم و هونه‌ره‌كه‌یان بۆمن جێی ستایش و حورمه‌تن به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه كه هه‌وڵ و كۆششیان بۆ خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یانه له‌هه‌ردوو دیو ، هونه‌رمه‌ندی زۆر چاك و به‌توانامان هه‌یه ، سه‌باره‌ت به هونه‌رمه‌ندی گه‌وره كاك ( محه‌مه‌دی ماملێ) من و ئه‌و پیاوه جوانه ، قه‌ڵای گه‌وره‌ی هونه‌ری كوردی مامۆستای به‌سته‌و قه‌تار،په‌یوه‌ندییه‌كی برایانه‌و به‌مامۆستای خۆمی ده‌زانم، زۆر له‌خزمه‌تیدا بووم ، له ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد له ئاهه‌نگ وشادییهكاندا ، خۆشه‌ویستیه‌كی زۆر له‌نێوانماندا هه‌بووه ، تا گه‌لی كورد بوونی هه‌بێت ده‌بێت شانازی به‌و كه‌سایه‌ته جوان و میهره‌بان و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه‌وه كاك محه‌مه‌دی ماملێ بكات ، خودا لێی خۆش بێت.
دانشی هونه‌رمه‌ند و فره به‌هره له‌م ساڵانه‌ی دوایی ته‌مه‌نیدا، دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه پڕ چێژ و هه‌سته هونه‌رییانه، چه‌ند ستایش و موناجات و ئایینی بۆ ته‌له‌فزیۆنه ئیسلامییه‌كان له‌باشووری كوردستان تۆماركرد، نزیكه‌ی (45) ساڵ خزمه‌تكردن هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌بواری چڕینی گۆرانی و مه‌قام و ژه‌نینی ئامێری عود، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش له‌ته‌مه‌نی (70) ساڵیدا به‌هۆی دووچاربوونی به‌نه‌خۆشیی (شێرپه‌نجه) له‌ڕێكه‌وتی (12/9/2015) خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت و بۆهه‌میشه چاوه‌كانی داده‌خات و ، له گۆڕستانی شاری مه‌هاباد به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌سپێرن.
جه‌مالی ده‌لاك 3/10/2021
سه‌رچاوه :
( 1 و 3 و 4 و 6) هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د دانش ، دیمانه : وریا ئه‌حمه‌د ، گۆڤاری چلاواز ، ژماره (46) كانوونی یه‌كه‌می (2009) لاپه‌ڕه ( 36 و 38) .
(2) كتێبی ( سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی ) نوسینی (محەمەد حەمە باقی ) لاپه‌ڕه (120 و 121)
(5) سایتی ، مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.