Erbil 38°C شەممە 16 ئایار 15:14

ئەو شاعیرەی کە وەک مۆم لە دوورەوە بۆ کوردستان دەسووتا

شکۆیێ حەسەن
کوردستان TV
100%


شکۆیێ حەسەن
ئەو شاعیرەی کە وەک مۆم لە دوورەوە بۆ کوردستان دەسووتا
بەکر شوانی
#ئەدەبییات_شوانی
#کتێب_شوانی
لەو باوەڕەدام زۆربەتان ناوی "شکۆیێ حەسەن"تان نەبیستووە، بەڵام ئەگەر کەمێک پشوودرێژ بن و تا کۆتایی ئەم کورتە وتارە بخوێننەوە، ئەوا لەوانەیە ناوی شاعیری "ب خەمل و ڕەوشە، شێرین و خوەشە زمانێ کوردی" بۆ هەتاهەتایە بە پیتی درشت لە یادگەی خۆتاندا تۆمار بکەن.
زۆر هەوڵم دا کۆمەڵێک سەرچاوە دەربارەی شکۆیێ حەسەن پەیدا بکەم و وەک وەفایەک بۆ شاعیرێکی کوردی کوردستان نەدیو، بابەتێکی تێر و تەسەلی لەسەر بنووسم. وەلێ بەداخەوە جگە لە وتارێکی کاوە نەمر بە زمانی تورکی (لینک لە کۆمێنتە)، سەرچاوەیەکی تری شایەنی سوود لێ وەرگرتنم نەدۆزییەوە. نەمریش لە وتارەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە زانیاریی پێویست دەربارەی شاعیر و چارەنووسی بەشی زۆری شیعر و نووسینەکانی بەردەست نییە. ئەم زانیارییانەی لای خوارەوەم لەبەر ڕۆشنایی ئەو کورتە وتارەی کاوە نەمردا ئامادە کردووە.
شکۆیێ حەسەن لە ژیاندا چەندین کاری کردووە، بەڵام بەر لە هەموو شتێک ئەو شاعیرێکی هاوچەرخی قەدری جان، ڕەشیدێ کورد، عوسمان سەبری، جگەرخوێن، فێریکێ ئوسیڤ، میکائیلێ ڕەشید، عەگیدێ شەمسی و ڕیزالیێ ڕەشید بووە و لە سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەت و لە ناو کوردانی کافکاسیادا پەنجەرەی نوێی بە ڕووی شیعری کوردیدا کردووەتەوە. ئەم شاعیرە کوردەی سەر بە ئاینی ئێزیدی، سەرباری هەموو هەوڵ و کارەکانی، بەداخەوە پشتگوێ خراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە. شاعیر ژیانێکی سەخت و پڕ لە چەرمەسەریی بەڕێ کردووە و شێوازی ماڵئاواییکردنیشی لە ژیان بە تەواوی دەمانگەیەنێت بەو بڕوایەی کە ناوبراو قوربانییەکی ڕاستەقینەی ژیان بووە.
شکۆیێ حەسەن ڕۆژی ١٧ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی "جاموشڤانا بچووک"ی هەرێمی ئاخبارانی ئەرمەنستان لە دایک بووە. هەرێمی ئاخباران لەو سەردەمەدا ١١ گوندی کوردی ئێزیدی نشینی لێ هەبووە و زۆربەی شاعیر و نووسەر و ئەکادیمیسیانە ناسراوەکانی کوردی سەردەمی یەکیەتیی سۆڤیەت خەڵکی ئەو هەرێمە بوون. 
بنەماڵەی حەسەن، واتە باوباپیرانی شکۆ، لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی "شاترۆخلی"ی سەر بە ناوچەی دیگۆری شاری قارسی باکوری کوردستان بوون و لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا و بۆ خۆڕزگارکردن لە هەڵمەتی بە کۆمەڵکوشتنی ئەرمەنی و ئێزیدییەکان، هەڵهاتوون و لە ئەرمەنستان گیرساونەتەوە. 
کاتێک شکۆیێ حەسەن دەبێت بە ٥ ساڵان، حەسەنێ میدۆی باوکی دەمرێت و مامێکی بە ناوی سۆفی دەیخاتە بن باڵی خۆی و پەروەردەی دەکات. لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا، ساڵی ١٩٤٨، لە کۆلێژی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی زانکۆی یەریڤان دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی ١٩٥٣ زانکۆ تەواو دەکات. شکۆیێ حەسەن یەکەم شیعری خۆی لە ڕۆژنامەی زانکۆدا بڵاو دەکاتەوە. پاشان شیعرەکانی بەسەر لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی "ڕیا تازە"وە دەنیشنەوە و ڕادیۆی کوردیی یەریڤانیش ناوبەناو شیعرەکانی شاعیر بڵاو دەکاتەوە. 
شکۆیێ حەسەن لە ١٩٥٤ تا ١٩٥٧ لە قوتابخانەی گوندێکی ئەرمەنی بە ناوی بانگار لە ئابخازیا وانەی زمانی ئەرمەنی دەڵێتەوە. پاشان دەگەڕێتەوە و لە ڕادیۆی کوردیی یەریڤان وەک سەرنووسەر دەست بە کار دەکات. بەڵام لەبەرئەوەی خوولیای ڕاستەقینەی ئەو زمان دەبێت، ساڵی ١٩٦١ لە بەشی کوردۆلۆژیی ئەنستیتووی گەلانی ئافریکا و ئاسیای سەر بە زانکۆی لینینگراد دەست بە خوێندن دەکات و ساڵی ١٩٦٥ بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت.   
لە ساڵانی ١٩٦٠دا ڕۆژنامەی "ڕیا تازە" بایەخ بە هەواڵەکانی شۆڕشی ئەیلوول و هێرشەکانی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان دەدات و کۆمەڵێک وتار بە سەردێری "کوردستان دشەوتە" بڵاو دەکاتەوە. هەر شکۆیێ حەسەن هەر لەو سەروبەندەدا شیعرێک بە هەمان سەردێر دەنووسێت:
کوردستان دشەوتە
شەرە، شەرە، لێ لێ جان
دشەوتە کوردستان
ل ناڤ مژا بارووتێ
دەنگێ شین و گری تێ... 
شکۆیێ حەسەن لە ژیانی خۆیدا سێ دیوانی بە چاپ گەیاندووە: "قالچیچەک ١٩٦١"، "تەمبورێ کوردان ١٩٦٥" و "مەرەمێ دلێ کورد ١٩٧٠". پێ دەچێت شاعیر بەرگەی دژوارییەکانی ژیانی  نەگرتبێت، بۆیە ساڵی ١٩٧٦ بە خۆکوشتن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بەداخەوە نەمتوانی زانیاریی زیاتر لە بارەی ساڵانی کۆتایی ژیانییەوە بە دەست بهێنم. لە دوای مردنی، دیوانی چوارەمی بە ناوی "پەروەزا وەتەن" چاپ و بڵاو کرایەوە. بەشێکیش لە شیعر و وتارەکانی دزراون و بوون بە موڵکی کەسانی ئاستنزم و نەناسراو. ساڵی ٢٠٠٨یش وەشانخانەی ئاڤێستا لە ئیستانبوڵ بەشێک لە شیعرەکانی شکۆیێ حەسەنی لە کتێبێکدا بە ناوی "پایز و با" کە لەلایەن تۆسنێ ڕەشیدەوە ئامادە کراوە، چاپ و بڵاو کردەوە.
شکۆیێ حەسەن ئەگەرچی لە ژیانیدا هیچ بەشێکی کوردستانی نەدیوە و لە ئەرمەنستان ژیاوە، بەڵام بە کوردی شیعری نووسیوە و بە ناوی دیوانەکانی و ناوەڕۆکی شیعرەکانیدا دەردەکەوێت لە ناخەوە و لە دوورەوە وەک مۆم بۆ نیشتمان سووتاوە. منیش وەک کاوە نەمر ئاوات دەخوازم دەست بە کۆکردنەوەی شیعر و وتارەکانی شکۆیێ حەسەن بکرێت و بە شێوەیەکی زانستی و ڕێکوپێک چاپ بکرێن و لە سەرانسەری پارچەکانی وڵاتدا بڵاو بکرێنەوە.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.