نێچیرڤان بارزانی له‌یادی هه‌شتی مارسدا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكیدا له‌یادی هه‌شتی مارسدا، رایگه‌یاند: یادى هه‌شتى مارس ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تان، له ته‌واوى ئافره‌تانى كوردستان له وڵات و له هه‌ر كوێیه‌كى جیهان بن، به گه‌رمى پیرۆز ده‌كه‌م. هیواى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وام و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.
نێچیرڤان بارزانی رایدهگهێنێت: له‌م یاده‌دا وێڕاى دووپاتكردنهوهى هه‌موو پشتگیرییه‌كمان بۆ ژنان و كچانى كوردستان، دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه كه وه‌ك هه‌میشه داكۆكى له ماف و ئازادییان ده‌كه‌ین و به هه‌موو توانایه‌كمان، به‌رگرییان لێده‌كه‌ین.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌شڵێت: له كاتێكدا ئه‌م یاده ده‌كه‌ینه‌وه، به نیگه‌رانییه‌وه له ئامارى توندوتیژى و كوشتن و ئازاردانى ژنان و پێشێلكردنى مافه‌كانیان ده‌ڕوانین كه كاریگه‌رییه‌كى نه‌رێنى كردووه‌ته سه‌ر دۆخى کۆمەڵایەتی و ناو و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان. جەخت ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م دۆخه به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵكراو نییه و ده‌بێ بە تەواوی كۆتایى بێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى و ڕێگرى له كوشتنى ئافره‌تان به هه‌ر پاساو و به‌هانه‌یه‌ك بێت، ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌موومانه له هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمى كوردستان و لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانی حکوومەت و ڕێکخراوەکان و مامۆستایانى ئایینى و میدیا و كۆمه‌ڵگه به‌گشتى.
نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته ڕوو، هه‌روه‌ها له ڕێى په‌روه‌رده و ئاگایى و وشیاریى تاك و خێزانه‌وه، دەبێ هەموومان هەماهەنگ و هاوکار بین و هه‌وڵى جددى بده‌ین بۆ نه‌هێشتن و بنبڕ‌كردنى توندوتیژى دژى ئافره‌تان و بره‌ودان به كولتوورى ناتوندوتیژى و لێبورده‌یى و یەکسانی و مسۆگه‌ركردنى به‌شدارى و هاوبه‌شیى كاراى ئافره‌تان له هه‌موو جومگه و كایه‌كانى ژیان و ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت و كارگێڕیدا و به‌هێزكردنى تواناكانیان.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایدهگهێنێت،به‌رز و شكۆدار بێت یادى هه‌شتى مارس، سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌بات و تێكۆشانى ئافره‌تان و ئازادیخوازان له‌پێناو دابینکردنی ماف و دادوەری و یەکسانیدا. سڵاو له گیانى قوربانیانى توندوتیژى دژى ژنان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.